دەستەی وەبەرهێنان لە بارەی کارکردن لە پرۆژەی فلۆریا ستی ڕوونکردنەوە دەدات
K24 – هەولێر:
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: پرۆژەی فلۆریا ستی وەک شارێکی گەورەی نیشتەجێبوون لە هەولێر، کارەکانی ڕانەگیراوە، تەنیا ئەو بەشەی نەبێت کە هەندێک قەرزی هاووڵاتییانی لەسەر ماوە، ڕاگیراوە تاوەکوو گرفتەکان یەکلایی دەبێتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەی دەستەی وەبەرهێناندا هاتووە: نووسراوەکە ئاراستەی خاوەنی کۆمپانیاکە کراوە، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا چارەی گرفتەکانی بکات و خاوەنی کۆمپانیاکەش بەڵێنی داوە کە لە زووترین کاتدا کێشەکە چارە بکات.
هاوکات دەستەی وەبەرهێنان ڕوونی کردووەتەوە: فلۆریا ستی بەردەوامە لە کارەکانی خۆی، تەنانەت کارەکانی زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون وەک قۆناغی یەکەم، ڕادەستی هاووڵاتییانی بکاتەوە.
ڕۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2021) محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان چارەکردنی کێشەکانی پرۆژەی فلۆریا ستی لە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: کارکردن لە پرۆژەی فلۆریا ستی دەست پێ دەکاتەوە و کارەکان ڕادەستی کۆمپانیایەکی ناوخۆ کراون، كه کۆمپانیای ساوس کوردستان گرووپ ئەرکی جێبەجێکردنی لە ئەستۆ دەگرێت.
پڕۆژەی نیشتەجێبوونی فلۆریا سیتی لە پارێزگای هەولێر، لە چەندین شووقە و ڤێلا پێک هاتووە، کەوتووە سەر شەقامی سەرەکیی هەولێر- کۆیە. بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، 2030 یەکەی نیشتەجێبوون لەم پڕۆژەیەدا کێشەی لەسەر بووە و لە ساڵی 2010ـەوە کارکردن تێیدا وەستاوە، بەڵام بە هەوڵەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم توانرا کێشەکە چارە بکرێت و ئەرکی تەواوکردنی بە کۆمپانیایەکی ناوخۆ بسپێردرێت.