تورکیا سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند: هەموو ئاڵوگۆرە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت تاوەکوو ئەو کاتەی ئیسرائیل ڕێگە بە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدات.

ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: ڕێکاری نوێ لەبواری بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەگرینەبەر و تا ئەو کاتەی ڕێگە بە ناردنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە دەدات، سەرجەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگرت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: تورکیا لە دوای هێرشەکانی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـەوە، لە بەرزترین ئاستدا، هەموو ئامرازەکانی دیپلۆماسی بەکارهێناوە بۆ ڕاگرتنی جەنگ و ڕێگریکردن لە زیانە گیانییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئەنقەرە هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی غەززە، لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان بە ناردنی هاوکارییەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و دەریایی.

وەزارەتی بازرگانی تورکیا "بەهۆی بەردەوامی کۆمەڵکوژیی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە"، لە (9ـی نیسانی 2024) هەناردەکردنی 54 بەرهەمی بۆ ئیسرائیل سنووردارکرد و داوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە کرد.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە گەیشتووتە زیاتر لە 35 هەزار و 535 کەس و کۆی بریندارانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 77 هەزار و 704 کەس.