نرخی بەنزین و گاز لە تورکیا بەرزبووەوە

K24 – هەولێر:
وەزارەتی بازرگانی تورکیا زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وڵاتەکەی بۆ مانگی ڕابردوو ڕاگەیاند و دەستەی ئاماری ئەو وڵاتەش ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، جارێکی دیکە نرخی بەنزین و گاز لە تورکیا بەرزبووەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو، نرخی لیترێک بەنزین و گاز زیادکرا، بەشێوەیەک؛ 28 قورش بۆ بەنزین و 26 قورشیش بۆ هەر لیترێکی گاز زیادکراوە کە یەکسانە بە 0.01 دۆلار. لەبەرامبەردا، نرخی گازی ئۆتۆمبێل یەک لیرە و 64 قورش دابەزی کە یەکسانە بە 0.05 دۆلار.
لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەشدا، نرخی یەک لیتر بەنزین بوو بە 43.93 لیرە، لیترێک گازیش بوو بە 41.32 لیرە کە یەکسانە بە نزیکەی دۆلارێک و 36 سەنت. لەلایەکی دیکەوە، نرخی لیتریک غاز بۆ 0.65 سەنت دابەزی.
هاوکات دەستەی ئاماری تورکیا رێژەی هەڵئاوسانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە هەڵئاوسان لەسەر ئاستی مانگ بەڕێژەی 3.18% زیادیکردووە و لەسەر ئاستی ساڵیش گەیشتە 69.80%.
ئامارەکان لەکاتێکدایە، ئابووریناسان پێشبینییان کردبوو رێژەکە لەسەر ئاستی مانگ 3.22% بێت و لەسەر ئاستی ساڵیش 69.87% بێت بەڵام رێژەکە کەمترە لەوەی پێشبینی کرابوو.
لەلایەکی دیکەوە گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵئاوسان ئێناگ لەلایەن کۆمەڵێک ئابووریناسی بێلایەن بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند، هەڵئاوسان بۆ مانگی نیسان لە 5.02% زیادیکردووە و لەسەر ئاستی ساڵیش 124.35%ـە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند، مانگی نیسان قەبارەی هەناردەکردنی تورکیا بۆ دەرەوە 19 ملیار و 271 ملیۆن دۆلار بووە، لەبەرامبەردا هاوردەکردن لە دەرەوە 29 ملیار و 171 ملیۆن دۆلار بووە.
بۆڵات گوتیشی، بەراورد لەگەڵ مانگی ڕابردوو، ڕێژەی هەناردەکردن 0.13% زیادیکردووە، هاوکات هاوردەکردنیش 4.24% زیادیکردووە. بەم پێیەش، جیاوازی نێوان هەناردەکردن و هاوردەکردن 10 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە.