وەزیری پەروەردەی فیدراڵ سوپاسی حکوومەتی کوردستان دەکات بۆ لەخۆگرتنی قوتابییە ئاوارەکان

وەزیرانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ
وەزیرانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ

K24- هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵ، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ لەخۆگرتنی قوتابییە ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کە بەهۆی هەڕەشەکانی تیرۆر، ناوچەکانی خۆیان بەرەوە هەرێمی کوردستان بەجێ هێشت.

ئەمڕۆ هەینی 3 ی ئایاری 2024، ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەگەڵ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم نامس، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵ موژدەی داوەتە قوتابییانی عێراق کە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، پشتیوانی لە پرۆسە و کاروانی زانستیان دەکات.

هەر لە رێگەی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمەوە، وەزیری پەروەردەی فیدراڵ نامەیەکی دڵنیایی بۆ قوتابیانی عێراقی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ناردووە، پاش ئەوەی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان درا، تێیدا بەڵێنیدا کە لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، لەکاتێکدا هەموو ئەو قوتابیانە لەگەڵ خانەوادەکانیان بەهۆی کارە تیرۆریستییەکان کە ببوونە هەڕەشە لەسەر ژیانیان، ناوچەکانی خۆیان بەرەو هەرێمی کوردستان بەجێهێشت.

بەپێی راگەیاندراوەکەی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردەی فیدراڵ بڕیاری دروستکردنی لێژنەیەکی پسپۆری دا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی پەروەردەیی ئەو قوتابیانەی لە هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندنیان دەدەن، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ پرۆسەی فێرکردن کە لەژێر سایە و گرنگیی  وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ دەبێت.

وەزیری پەروەردەی فیدراڵ، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دەستەبەرکردنی پرۆسەی فێرکردن و پەروەردەیی قوتابیانی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو وەزیرە دەشڵێت: ئەو هاوکارییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک لە هەوڵەکانە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوولادا.

Fly Erbil Advertisment