دیلان ڕەشاد: هاووڵاتیان  سەرکێشیی لەگەڵ لافاودا نەکەن

بارانبارین
بارانبارین

K24- هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایدەگەیەنێت، پێشبینی بارانی بە لێزمە لە ئەمشەو تا بەیانی بەردەوام دەبێت. تیمەکانی فریاگوزرایش لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیدان، دەشڵێت: با هاووڵاتیان سەرکێشیی لەگەڵ لافاودا نەکەن.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی ئایاری 2024) دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ی رایگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمشەو لە دوای کاتژمێر 1ـی شەو تا 9ـی بەیانی پێشبینی بارانبارینی بەلێزمە دەکرێت.

دیلان رەشاد دەڵێت: پێشتر هۆشداریمان دایە هاووڵاتیان بۆ کارێکی گرنگ نەبێت، نەچنە ئەو شوێنانەی کە مەترسی بەرزبوونەوەی ئاوی لێ دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاشکرای کرد، لە سێ شەممەی رابردووەوە شەپۆلی باران بەردەوامە، ئاستی باران  لە هەڵەبجە 60 ملیم بووە، مەترسی هەیە ئەم شەو  ئاستی باران  زیاد بکات.

دیلان ڕەشاد پێی وایە، مەرج نییە تا بەیانی باران ببارێت، رەنگە لە هەندێ شوێن ئاستی  باران بەرز بێتەوە لەگەڵ هەورە تریشقە.

لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاو و دروستبوونی مەترسی لافاو، دیلان رەشاد گوتی: هەر ڕێژەیەکی باران بگاتە نزیکەی 60 ملیم، ئەگەری هەستانی لافاو هەیە، دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەی پیاوانی ژینگەپارێز هەوڵی پاککردنەوەی شار دەدەن، بەڵام هاووڵاتیان هاوکارییان نیین و دەبنە هۆکاری لافاو.

دیلان ڕەشاد  بە پێویستی زانی هاووڵاتیان چاودێریی بارودۆخەکان لەڕێگەی مێدیاکانەوە بکەن، نەوەک ژیانی خۆیان بخەنە مەترسی، گوتیشی:  هاووڵاتیان هەوڵ نەدەن خۆیان لەگەڵ تەوژمی باران و کۆبوونەوەی ئاو تاقی بکەنەوە ،  چونکە ئەو سەرکێشیانە کارەساتیان لێ دەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن لەو ڕۆژانەی کە کەشوهەوا نالەبارە.