پسپۆڕانی دارایی هۆشداریی لە داڕووخانی ئابووریی عێراق دەدەن

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

بەشێک لە مێدیاکانی عێراق باس لەوە دەکەن پێشنیازێک هەیە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق دەستبەرداری سیاسەتی بەهای جێگیری دینار ببێت و بەهاکەی بە بازاڕی ئازاد بسپێرێت.  پسپۆڕانی داراییش ئەوە بە هەنگاوێکی مەترسیدار دەزانن و هۆشداریی لە داڕووخانی ئابووری عێراق دەدەن.

لە ئاستی وڵاتانی جیهان بە دوو شێوە سیاسەتی نەختینەیی ئاراستە دەکرێت، یەکێکیان ئەوەیە کە بانکە ناوەندییەکان بەهای فەرمیی دراوە نیشتیمانییەکان دەستنیشان دەکەن و پشتیوانیی دراوەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی لەو بەهایەدا جێگیر بێت. شێوازی دووەمیش ئەوەیە بانکی ناوەندیی دەستوەردان لە بەهای دراوەی وڵاتەکە ناکات و بەهاکەی ئازاد دەکات بۆ ئەوەی لە بازاڕی ئازاددا بەهاکەی دەستنیشان بکرێت.

تا ئێستا عێراق کار بە شێوازی یەکەم دەکات، بەڵام بەپێی هەواڵی مێدیا عێراقییەکان بێت هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی دەستبەرداری ئەو سیاسەتەی ببێت و بەهای دینار بداتە دەست بازاڕی ئازاد.

ئەو بابەتە، نەک لە جێبەجێ کردنیدا، بەڵکوو ئەگەر تەنها دەنگۆیەکیش بێت کاریگەریی گەورەی نەرێنی لەسەر بەهای دینار و سیاسەتی نەختینەیی عێراق دەبێت.

مەنار عوبێدی، پسپۆڕی داراییە و یەکێکە لەو کەسانەی بە وردی سەرنجی لەسەر ئابووری عێراق هەیە، ئاماژە بەوە دەکات؛ سیاسەتی بەهای جێگیری دینار کە بانکی ناوەندی پشتیوانیی دەکات بووەتە هۆی بەهەدەردان لە یەدەگی دراوی بیانی کە عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوێت.

محەممەد هاشم حلو ئابووریناسی عێراقش لەوبارەیەوە دەڵێت، عێراق هەرگیز ناتوانێت بەهای دینار ئازاد بکات، ئەگەر ئەو کارەش بکات ئابوورییەکەی دووچاری داڕووخانێکی گەورە دەبێتەوە.

یەکێک لە مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بۆئەوەی پشتیوانی و هاوکاریی دارایی وڵاتان بکات، ئەوەیە، کە ئەو وڵاتانە دەبێت بەهای دراوە نیشتیمانییەکەیان ئازاد بکەن، لە ماوەی ڕابردووشدا ئەو مەرجەی بەسەر میسردا سەپاند و بەهای دراوەکەی بەشێوەیەکی خێرا داڕووخا.