گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی چوار نەماوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون و هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە. دەشڵێت، "ئێستا کاتی ناردنی مووچەکەیە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەوەی لەسەرمان بووە، ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزانییەی موراجەعە) بوو، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق؛ ئێمەش دوو هەفتە پێش ئێستا، واتا لە 22ـی مانگی ڕابردووەوە ناردوومانە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، "بەڵام لایەنی بەغدایە تا ئێستا مووچەکەی لەکاتی خۆیدا نەناردووە؛ بیانووەکان هەر چییەک بن، ئێستا کاتی هاتووە مووچەکە بنێردرێت، چونکە ئەوان مووچەی فەرمانبەرانیان دابەش کردووە، ئێمەش ئەوەی لەسەرمان بووە، جێبەجێمان کردووە. هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەماوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی؛ یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت. ئامانج لە پێشخستنی کەرتەکە، پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و ڕەخسانی هەلی کارە.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئاماژەی بەوە کرد، "نزیکەی 17 کۆمپانیا و 300 هەزار کەس خۆیان لە سیستەمەی دڵنیایی تۆمارکردووە. پڕۆژەکە بە هاوبەشی کەرتی تایبەت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت؛ لە ژێر چاودێری وەزارەتی دارایی و ئابووریی و سەرپەرشتیی کاروباری دڵنیایی. هەر لەوبارەوە ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی عێراق".
هونەر جەمال ئەوەشی خستەڕوو، "میوانانمان لە وڵاتانی دراوسێ و چەند وڵاتێکی دیکە بانگهێشت کردووە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونیان وەربگرین و لەم کۆنفرانسەدا بە ژمارەیەک ڕاسپاردە و دەرئەنجام دەربچین و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران بتوانین جێبەجێیان بکەین".
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرنجمان لەسەر سێ بوارە کە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جێگەی بایەخە؛ دڵنیایی تەندروستی، دڵنیایی پاراستنی ئۆتۆمبێلەکان و دڵنیایی ئەندازەی خانووەبەرەیە".