دوای دوو ڕۆژ لە بزربوونی تەرمی هاووڵاتییەکی سۆران دۆزرایەوە
K24- هەولێر
دوای دوو رۆژ لە بزربوونی لە کوێستانەکانی گوندی زینوێی باڵەکایەتی، تەرمی هاووڵاتییەکی تەمەن 60 ساڵەی دانیشتووی سۆران دۆزرایەوە.
بەرێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، دوێنێ شەممه 4 ی ئایار، هاووڵاتیەکی تەمەن 60 ساڵەی دانیشتووی سۆران بەناوی( حوسێن حەسەن عەلی) له کوێستانەکانی گوندی زینوێی باڵەکایەتی بزر بوو، بەپێی زانیارییەکان ئەو هاووڵاتییە دوای ئەوەی بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چوونەتە ناوچەکە، بزر بوو.
بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرای کرد، دوای شەش کاتژمێری دوێنێ، هاووڵاتیە بزربووەکە بەهۆی سەختی ناوچەکه و تەم و مژی زۆر، نەدۆزرایەوە، لەگەڵ ئەوەی ناوچەکه شوێنێکی قەدەغه کراوه بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لە ناوچەکە و نزیکیی لە سنووری وڵاتی ئێرانەوە.
بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پاش ئەوەی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر تیمەکانی ڕزگارکردن و خۆبەخشانی ناوچەکە بە دوایدا گەڕان، تەرمی هاووڵاتییەکە دۆزرایەوە.