وەزیری دارایی و ئابووریی: هیچ بەربەستێک لە بەردەم ناردنی مووچە نییە

ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری دارایی و ئابووریی دەڵێت، هەموو پابەندییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان بۆ ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، "پێمانوایە هیچ بەربەستێک لە بەردەم ڕەوانەکردنی مووچەکە نییە". 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەوەی پێویست بووە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی بۆ ئەوەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانە بکرێت، "چاوەڕێی ئەوە دەکەین دوای تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی هەرێمی کوردستانیش بنێردرێت".

وەزیری دارایی و ئابووریی گوتی، "پێمانوایە هیچ بەربەستێک لە بەردەم ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا نەماوە". لە وەڵامی پرسیاری "کەی مووچەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان؟" ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو زانیارییە لای وەزارەتی دارایی عێراقە".

پێشتریش هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "ئەوەی لەسەرمان بووە، ناردنی لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە (میزانییەی موراجەعە) بوو، بۆ وەزارەتی دارایی عێراق؛ ئێمەش دوو هەفتە پێش ئێستا، واتا لە 22ـی مانگی ڕابردووەوە ناردوومانە".

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی،  هەموو داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیان جێبەجێ کردوون، "بەڵام لایەنی بەغدایە تا ئێستا مووچەکەی لەکاتی خۆیدا نەناردووە؛ بیانووەکان هەر چییەک بن، ئێستا کاتی هاتووە مووچەکە بنێردرێت".

 

Fly Erbil Advertisment