لە حەوت دەروازەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت

ئاڵاکانی کوردستان و ئێران
ئاڵاکانی کوردستان و ئێران

K24 – هەولێر:

ئێران و ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی دێرینیان لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بارزگانیی نێوانیان ھەیە، لە دوای تورکیاش، ئێران بە دووەم هاوبەشی بازرگانی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت لە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە.

ئێستا سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەن کە بریتین لە دەروازەکانی پەروێزخان لە سنووری گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. هاوکات لە چوار دەروازەی نیمچەفەرمیی شوشمێ، سەیرانبەن، کێلێ و پشتەی تەوێڵەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.

پێشتر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ساڵی 2023 زیاتر لە دوو هەزار مۆڵەتی بازرگانییان دەرکردووە کە لەو ژمارەیە زیاتر لە یەک هەزار مۆڵەت بە بازرگانانی ئێرانی دراوە و ڕۆژنامەی دنیای ئیقتسادی ئێرانیش لە زاری ئەندامێکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراقەوە ڕایگەیاندووە، بەشی هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی بازرگانیی ئێران و عێراق 40% بۆ 60%ـە و بازرگانانی ئێرانی بۆ هاوکاریی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیان بە کار کرد.

یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاندووە، لە دوای تورکیا، ئێران دووەمین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە کە زۆرترین کاڵا بۆ ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکات، بەو پێیەی ساڵانە بە بەھای نزیکەی شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت.

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە 19ـی ئابی 2023 لە کۆنفرانسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە هەوڵداین قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوولا زیاتر پەرە پێ بدەین.

جگە لە هاوردەی کاڵای ئێرانی، چەندین کۆمپانیا و کارگەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستاندا مۆڵەتی کاریان پێ دراوە و بەپێی دواین ئامار لە هەرێمی کوردستاندا 360 کۆمپانیا و 135 کارگەی ئێرانی چالاکن. کۆمپانیاکان لە بوارەکانی بەڵێندەرایەتی و بازرگانی و کارگەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵا خۆراکییەکان، سیرامیک، پلاستیک و چەندی بواری دیكە بەشداری دەکەن.