فواد مەجالی: خۆشحاڵ دەبین قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە ئوردن بخوێنن
K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گرنگی زۆر بە کەرتی خوێندنی باڵا دەدات، هەروەها رێکخستنی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی- کوردستانی بەرهەمی دیدگای سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و عەمان.
فواد مەجالی، کونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندی زانکۆکانی ئوردن سەردانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئێمەش دەمانەوێت قوتابییانی هەرێمی کوردستان سەردانی زانکۆکانی ئوردن بکەن.
کونسوڵی گشتی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پشتیوانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی- کوردستانی کرد و خۆی بەشداری کردنەوەی دیدارەکەی کرد.
هاوکات گوتی: ئێمە زۆر سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەیەن، ئەم جۆرە دیدارە بەرهەمی دیدگای جەنابییانە بۆ پەرپێدانی کەرتە جیاوازەکان و بەتایبەتی کەرتی خوێندنی باڵا.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەیزران مەسرور بارزانی دەیەوێت پەیوەندییەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات، لەبەرامبەردا ئوردنیش دڵخۆشە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان.