دۆخی ئابووری تورکیا زۆرترین کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ هەیە

K24 – هەولێر:
دۆخی ئابووری تورکیا زۆرترین کاریگەریی بەسەر هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ هەیە بە شێوەیەک، لەسەر بنەمای داهات و کرێی خانوو، ئیستانبوڵ گرانترین شاری ئەورووپایە. هاوکات دانیشتووانەکەی ناتوانن ژیانی ئاساییان بگوزەرێنن، لەگەڵ ئەوەش لە 5 دانیشتووی ئیستانبوڵ، سێیان کەمتر لە جاران خواردن و خواردنەوە دەکڕن.
هاووڵاتییانی ئیستانبوڵ دوو کێشەی سەرەکییان هەیە کە بریتین لە کرێی خانوو، تێچووی خۆراک و خواردنەوەکان. هاوکات قەیرانی ئابووری بەشێوەیەک کاریگەرییانی تێکردووە، ناچارن تێچووی خواردن و خواردنەوەکانیان کەم بکەنەوە.
کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا لە راپۆرتێکدا پرسیاری کوالیتی ژیان و کرێی خانوو لە پارێزگاکانی ئەورووپا لە 700 هەزار کەسی کردووە. لە ریزبەندەکە ژنێف لە پلەی یەکەم دایە، بەڵام داهاتی تاکەکەسی بەرزە، کاتێک بەراوردەکە لەسەر بنەمای داهاتی خەڵک و کرێی خانوو بەراورد کراوە و ئیستانبوڵ گرانترینی ئەورووپایە میونخ لە دوای ئیستانبوڵەوەیە.
لە بەراوردەکەدا دەڵێت، لە میونخ کرێی خانوویەکی بچووک 1770 یۆرۆیە، هاوکات لە ئیستانبوڵ 650 یۆرۆیە. ئەمە لەکاتێکدایە مووچەی کەسیک لە میونخ پێنج هێندەی مووچەی کەسێکی ئیستانبوڵە. تەنیا 10%ـی دانیشتووانی ئەو دوو پارێزگایە بۆچوونیان وایە دەتوانن بە نرخێکی گونجار خانوو بە کرێ بگرن. هاوکات 90%ـی کرێچییەکان لە نرخەکان نارازین.
هاوکات لە تێچووی خواردن و خواردنەوەش دۆخەکە هەمان شتە. لە پێنج دانیشتووی ئیستانبوڵ، سێیان کەمتر لە جاران خواردن و خواردنەوە دەکڕن.
%85.3ـی بەشداربووان دەڵێن گۆشتی سووریان لە سفرەکانیان کەمکردووەتەوە. هاوکات 43.3% بەشداربووانیش دەڵێن گۆشتی مریشکیان کەمکردووەتەوە. 33.7% دەڵێن وەک پێشتر ناتوانن شیر و بەرهەمەکانی بکڕن.