عێراق.. خاکێکی دەوڵەمەند و گەلێکی هەژار

خاکی عێراق خاوەنی دەیان جۆر لە کانزا و ماددەی جیاوازە
خاکی عێراق خاوەنی دەیان جۆر لە کانزا و ماددەی جیاوازە

K24 - هەولێر

خاکی عێراق خاوەنی دەیان جۆر لە کانزا و ماددەی جیاوازە کە دەتوانرێت بە وەبەرهێنان و پیشەسازیی بەو سەرچاوە سروشتییانە ساڵانە، ملیاران دۆلار بخرێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە. شارەزا و پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو ماددە و کانزانە دەتوانن ببنە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ پیشەسازی و وەبەرهێنانی نەوت لە عێراقدا.

عێراق ئەو وڵاتەیە کە سەرەڕای بوونی دەیان ماددە و کانزای جیاوازە لە خاکەکەیدا، بەڵام جگە لە دەرهێنانی نەوت، هیچ سوودێکی ئەوتۆ لە سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەی خاکەکەی وەرنەگیراوە.

پێگەی "ستاتیست"ـی ئابووریی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە سەرچاوە سروشتییەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات، عێراق خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر لە ماددە و کانزای سروشتییە کە بەهای وەبەرهێنان و پیشەسازیی بەو سەرچاوانە بە نزیکەی 16 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، پێگەکە پێشنیازی ئەوەش دەکات حکوومەتی عێراق هەوڵبدات پشت بە زۆرترین سەرچاوەی داهات ببەستێت و ئەو ماددە و کانزانە دەتوانن ببنە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ پیشەسازی و وەبەرهێنانی نەوت لە وڵاتەکەدا.

بەگوێرەی ئامار و توێژینەوەکان، عێراق خاوەنی 600 ملیۆن تەن گۆگردە کە ئەو کانزایە لە بوارەکانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، پاتری، دەرمان و کەلوپەلی جوانکاری و چەندین بواری دیکە بەکار دێت، هەروەها خاکی وڵاتەکە نزیکەی 10 هەزار تەن فۆسفاتی تێدایە، ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 9%ی كۆی یەدەگی فۆسفات له‌ جیهاندا، فۆسفات لە پیشەسازییەکانی بواری سەربازی، پزیشکی، سیرامیک و قوماشدا بەکاردێت ، 60 ملیۆن تەن ئاسنی نیشتوو کە لە پیشەسازیی چیمەنتۆدا بەکار دێت، 22 ملیۆن تەن گۆگردی سۆدیۆم لە پیشەسازیی ڕۆنی ڕووەکیی و دروستکردنی شووشەدا بەکار دێت، هەروەها 8 هەزار تەن بەردی کلس، 7 هەزار تەن خۆڵی سیلیکا کە لە پیشەسازی شووشە و سیرامیک و سیلیکۆندا بەکار دێت.

 ئەمە جگە لە 16 ملیۆن تەن لە کانزای کوارتزـی تێدایە، ئەو کانزایەش لە پیشەسازیی شووشە، کاتژمێرسازی، پیشەسازییەکانی نەوت و کەوەنتەر و جوانکاریی چێشتخانە بەکاردێت، ئەمە سەرەڕای بوونی هەزاران تەن لە کانزاکانی مس و قوڕقوشم لە خاکی وڵاتەکەدا، کە کۆی داهات و قازانج لە ئەگەری پیشەسازی و بازرگانی کردن بەو ماددە و کانزانە، بە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment