ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: داعش هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتی داوە

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24- هەولێر

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وۆرک شۆپێکی (یونیتاد) ئاماژە بەوە دەکات، داعش نەک تەنها شوێنەوارەکانی ڕوخاندووە، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتی بە گشتی داوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە(6ی ئایاری 2024)، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش کە بە ( یونیتاد) ناسراوە، وۆرک شۆپێکی لەبارەی لەناوبردن و زیانگەیاندن، خراپ بەکارهێنان، دەست بەسەرداگرتن و بازرگانیی کردن بە کەلتوور لە هەولێر رێکخست.

لەو وۆرک شۆپەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم گوتی: کردەوە تێکدەرانەکانی داعش نەک تەنها شوێنەوارەکانی ڕوخاندووە، بەڵکو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتی داوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری پەرەپێدانی شوێنەوارەکان و پاراستنیانی بە هەماهەنگی پەیمانگا و كۆلێژە پسپۆڕەكانی بواری شوێنەواری جیهانی داوە، گوتیشی: تا ئێستا (40٪)ی هەرێمی كوردستان ڕووپێوی كراوەو نزیكەی (3200) ناوچەی شوێنەواری تۆماركراون، هەروەها (41) پڕۆژەی شوێنەواریی لەپێناو پاراستن و پەرەپێدانی شوێنە مێژووییەکان جێبەجێکراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان و گوتی: لە ساڵی 2022 نزیكەی (23) شوێنەوار لەسەر بودجەی تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و (19) شوێن لەسەر بودجەی ڕێكخراوە بیانییەكان و كەسایەتی و ڕێكخراوە ناوخۆییەكان نۆژەن كراونەتەوە.

هەروەها گوتی: لە ساڵی 2023، کاری‌ نۆژەنکردنەوەو هەڵکۆڵین بۆ (69) پێگەی شوێنەواریی کراون و  تێدا بەدواداچون بۆ (131) شوێنەوار کراوە بۆ دڵنیا بوون لە سەلامەتیان، هەروەها (79) شوێنەوار لە سنووری پارێزگای دهۆک بە هۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچە سنوورییەکان، خاپوور کراون.

دیندار زێباری ئاشکرای کرد،  13 پڕۆژە بە ئامانجی نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزە گرنگەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ناوچە جیاوازەکاندا دەکرێت.

ديندار زێباری رایگەیاند، پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش میراتی کولتووریان لە ساڵانی 2014 بۆ 2017، تێکدا و خاپوور کرد، بودجەی بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان لە هەندێک ناوچەی عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

 

 

Fly Erbil Advertisment