ریال مەدرید دەیەوێت "مێسی بچووك" بگوازێتەوە

ئەستێرەیەكی لاوی خولی ئارجێنتینا سەرنجی چەندان یانەی گەورەی ئەورووپای بۆ خۆی راكێشاوە كە تێیدا بە "مێسی بچووك" ناسراوە، ریال مەدرید هەوڵەكانی بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانە دەستپێكردووە.
فابریزیۆ رۆمانۆ پسپۆڕی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان رایگەیاندووە ریال مەدرید بەشێوەیەكی نهێنی گفتوگۆیەكانی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی فرانكۆ ماستانتۆنۆی یاریزانی لاوی یانەی ریڤەرپلەیتی ئارجێنتینا دەستپێكردووە.
فابریزیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە ریال مەدرید ئامادەیە بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ بگوازێتەوە، بەڵام هێشتا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە و گفتوگۆیەكانیش بەردەوامن.
ماستانتۆنۆی تەمەن 16 ساڵان، لە پلانەكانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزیش دایە و پێپ گواردیۆلا لە زستانی رابردووەوە بەرپرسانی یانەكەی بۆ گواستنەوەی ئەو كاپتنەكەی هەڵبژاردەی خوار 18 ساڵانی ئارجێنتینا راسپاردووە.
ماستانتۆنۆ لە لایەن زۆرێك لە چاودێرانی وەرزشی ئارجێنتینا بە شوێنگرەوەی مێسی ناسراوە، بەوپێیەی لە هەمان شوێنی لیۆنێل مێسی بە قاچی چەپ یاریی دەكات.
ماستانتۆنۆ گرێبەستەكەی لە 2026 لەگەڵ یانەكەی كۆتایی دێت، ئەگەر ریڤەرپلەیت لەم هاوینە نەیفرۆشێت، دەبێت بۆ وەرزی داهاتوو بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری دەبێت.
