کۆشکی سپی: هەوڵی تیرۆرکردنی زێلێنسکی ئێمەی نیگەران کردووە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هەواڵەکان سەبارەت بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ڤلادیمێر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەمەریکای نیگەران کردووە.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەشکردووە، بێگومان دڵخۆشین کە هەوڵی تیرۆرکردنەکە پوچەڵ کراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەم هەواڵە نیگەرانی لە واشنتن دروست کردووە.
پێشتر دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، "پلانێکی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانیان ئاشکراکردووە، کە ئامادەکارییان بۆ تیرۆرکردنی ڤلادیمێر زێلێنسکی و هەندێک لە بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کردووە".
لە پلاتفۆرمی تێلێگرامی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بڵاوکراوەتەوە، دەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕووسیا پلانیان داناوە بۆ لەناوبردنی زێلێنسکی و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، ڤاسیلی مالیوک، هەروەها بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا، کیریل بودانۆڤ و هەندێک بەرپرسی ئۆکرانی دیکە.
پێشتر ڕۆژنامەی "سترانا"ـی ئۆکراینی بڵاویکردەوە، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی بە گومانی کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی، لەنێویاندا دەربارەی زێلێنسکی و دزەپێکردنی بۆ هەواڵگری بیانی دەستگیرکردووە.