بەپێی پڕۆژەیەکی نوێی باخچەلی چەندین شارۆچکەی باکووری کوردستان دەبنە پارێزگا
پڕۆژەیەکی نوێ بە ناوی (100 پارێزگا و 1000 شارۆچکە) لە لایەن سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستەوە راگەیەنرا، ئامانج لێی گۆڕینی نەخشەی کارگێڕیی تورکیا و دروستکردنی 19 پارێزگای نوێیە، هاوکات هەشت شارۆچکەی باکووری کوردستانیش دەبنە پارێزگا و ئۆپۆزیسیۆنیش رەخنە لە بڕیارەکە دەگرێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و هاوپەیمانی دەسەڵات لە تورکیا، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە نەخشەی کارگێڕیی وڵاتەکە خستەڕوو. بەپێی پڕۆژەکە بڕیارە 19 پارێزگا و 78 شارۆچکەی نوێ دروست بکرێن، لە نێویاندا هەشت شارۆچکەی گەورەی باکووری کوردستان دەبنە پارێزگای سەربەخۆ.
لە ئێستادا لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان 81 پارێزگا و 922 شارۆچکە هەن، بەڵام بەپێی ئەم پڕۆژەیە، ژمارەی پارێزگاکان بۆ 100 و ژمارەی شارۆچکەکانیش بۆ 1000 بەرز دەکرێتەوە.
بەپێی ئەو لیستەی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، هەشت شارۆچکەی باکووری کوردستان لە ریزی پێشەوەی ئەو ناوچانەن دەکرێنە پارێزگا. ئەوانیش بریتین لە سیوەرەک لە رووحا، ئەردیش لە وان، جزیری بۆتان لە شرنەخ، ئەرغەنی لە دیاربەکر، کاهتا لە سەمسوور، ئەلبستان لە مەرەش، میدیات لە مێردین و گەڤەر لە جۆلەمێرگ. لە ناوچەکانی دیکەی تورکیاشدا شارۆچکەکانی ئالانیا، تارسووس، چۆڕلو و ئینەگۆل لە بەهێزترین کاندیدەکانن بۆ بوون بە پارێزگا.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، لە سەدەی دووەمی کۆماردا پێویستییەکی زۆری کارگێڕی بە چاکسازی هەیە بۆ ئەوەی دامەزراوەکان لەگەڵ سیستەمی سەرۆکایەتیدا بگونجێن. سەرۆکی مەهەپە چەند بنەمایەکی وەک بیانووی سەرەکیی خۆی خستەڕوو، لەوانە چەسپاندنی شەفافیەت و شایستەسالاری لە بەڕێوەبردندا، بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و ناوچە دوورەدەستەکان، گونجاندنی دامەزراوەکان لەگەڵ گەشەی تەکنەلۆژیا و مەترسییە نوێیەکانی جیهان، هەروەها دابینکردنی خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگە.
دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند، بەهۆی گەشەی خێرای دانیشتووان و بەرفراوانبوونی شارەکان، بەشێک لە شارۆچکەکان لە چەندین پارێزگای وڵاتەکە گەورەتر بوون و ناتوانرێت وەک شارۆچکە بەڕێوەببرێن. مەرجی سەرەکی بۆ ئەم گۆڕانکارییە هەبوونی لانیکەم 100 هەزار دانیشتووان و دووربوونی 30 کیلۆمەترە لە ناوەندی پارێزگای پێشوو.
لە روانگەی ئۆپۆزیسیۆن و شارەزایانیشەوە، ئەم پڕۆژەیە پێش ئەوەی چاکسازیی کارگێڕی بێت، رێکخستنەوەی نەخشەی جوگرافیای دەنگدانە، تاوەکو دەسەڵاتی ئێستا بتوانێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا زۆرینەی پەرلەمان لەدەست نەدات.
لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2026، پرسی گۆڕینی نەخشەی کارگێڕیی تورکیا بووەتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی نێو میدیا و ناوەندە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە. ماوەی 27 ساڵە هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە و بەرفراوان لە نەخشەی پارێزگاکانی تورکیادا نەکراوە، بەڵام پرۆژەکەی مەهەپە دەیەوێت بەشێوەیەکی ریشەیی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و نوێنەرایەتیی ناوچەکان دابەش بکاتەوە.
لە رووی یاساییەوە، بۆ ئەوەی شارۆچکەیەک ببێتە پارێزگا، دەبێت پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی تایبەت پەسەند بکات. بە دروستبوونی ئەم پارێزگا نوێیانە، دەبێت دامەزراوەکانی وەک پارێزگا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، پەروەردە و تەندروستی لەو ناوچانە سەرلەنوێ دابمەزرێنەوە، ئەمەش پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە.