زانایان: مرۆڤایەتی خۆی بۆ شەپۆلە نوێیەکەی پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە ئامادە نەکردووە

ئەنفلۆنزای باڵندە
ئەنفلۆنزای باڵندە

K24 - هەولێر

شەپۆلێکی نوێ لە پەتای ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاوبووەتەوە، کە بە بەهێز و مەترسیدار ناودەبرێت. زانایانی زانکۆی ئیمۆری ئەمەریکاش دەڵێن، مرۆڤایەتی هێشتا خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ئامادە نەکردووە.

شەپۆلی نوێی ئەنفلەوەنزای باڵندە، کە بە ڤایرۆسی جۆری، "ئەی ئێچ فایف ئێن وەن" ناسراوە، بووەتە مەترسییەکی جددی و ئەگەری بڵاوبوونەوەی لەناو مرۆڤدا تادێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی لەناو مانگاکاندا، کە بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمەریکا، تاوەکو ئێستا لە 34 کێڵگەی بەخێوکردنی مانگا لە 9 ویلایەتی ئەمەریکادا ئەنفلەوەنزاکە بڵاوبووەتەوە و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش لە یەکی نیسانی ئەمساڵدا یەکەم حاڵەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەی بۆ مرۆڤ لەئەمەریکادا تۆمارکرد.

بڵاوبوونەوەی مەترسیداری ڤایرۆسەکە، زانایانی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە؛ ڤایرۆسەکە توانای گۆڕانکاری بەهێزی هەیە و بەتەواوەتی لە بڵاوبوونەوەی لەنێو مرۆڤەکاندا نزیک بووەتەوە، چونکە مرۆڤەکان بەرکەوتەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زۆریان لەگەڵ مانگاکاندا هەیە.

زانایانی زانکۆی ئیمۆری ئەمەریکاش دەڵێن، مرۆڤایەتی هێشتا خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ئامادە نەکردووە، چونکە ئەگەری بڵاوبوونەوەی لەناو مرۆڤدا بە ئەگەرێکی لاواز دەبینرا، بەڵام ئێستا مەترسییەکە جددییە.

شەپۆلەکانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بەوە ناسراون کە بە کەمی بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، بەڵام کاتێک تووشی مرۆڤ دەبێت کوشندەیە.

بەگوێرەی  ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە دوای ساڵی 2003ەوە نزیکەی 868 کەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون کە زیاتر لە 457 کەسیان بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، ئەوەش رێژەیەکی بەرزی مردنە کە بە نەخۆشییەکی گوازراوە تۆمار کرابێت.

Fly Erbil Advertisment