کۆشکی کریملن کوردستان24 بۆ ڕووماڵکردنی رێوڕەسمێکی گەورە بانگهێشت دەکات

رێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای سووری سۆڤێیەتی پێشوو بەسەر ڕژێمی پێشووی نازییەکانی ئەڵمانیا (ئەرشیف)
رێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای سووری سۆڤێیەتی پێشوو بەسەر ڕژێمی پێشووی نازییەکانی ئەڵمانیا (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

کوردستان24 بە فەرمی بانگهێشتی ڕووماڵکردنی رێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای سووری سۆڤێیەتی پێشوو بەسەر ڕژێمی پێشووی نازییەکانی ئەڵمانیا دەکرێت.

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا "کریملن" بە شێوەیەکی فەرمی کوردستان24ـی بۆ بەشداریی و ڕووماڵکردنی رێوڕەسمی 79ـەمین ساڵیادی سەرکەوتنی سوپای سووری سۆڤێیەتی پێشوو بەسەر ڕژێمی پێشووی نازییەکانی ئەڵمانیا لەمیانی جەنگی جیهانیی دووەم؛ بانگهێشت کرد کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 09-05-2024، کاتژمێر 10:00ـی پێش نیوەڕۆی لە گۆڕەپانی سووری مۆسکۆ بەڕێوە بچێت.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بەرپرسانی حکوومی و حزبی وڵاتەکە و زیاتر لە نۆ هەزار کەس تێیدا بەشدار دەبن. لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شۆباتی ساڵی 2022، یەکەم جارە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتانی بیانی لە ڕێورەسمەکەدا ئامادە دەبن کە پێکهاتوون لە سەرۆکانی بێلاڕووس، کازاخستان، قیرغیزستان، تاجیکستان، تورکمانستان، ئوزبەکستان، کوبا، لائۆس و گینیا.

لە رێوڕەسمەکەدا 75 ئامێر و تەکنیکی جەنگی کە پێکهاتوون لە سیستەمی مووشەکی گەڕۆکی یارس، تانکی مێژوویی T-34، سیستەمی مووشەکی ئەسکەندەر، زرێپۆشی یایگەر نمایش دەکرێن.

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی جیهانی دووەمە

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژانی 8 و 9ـی ئایاری هەموو ساڵێکی وەکو ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانییانی جەنگی جیهانی دووەم دیاری کردووە، ئەو جەنگەی کە بەخوێناویترین جەنگ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دادەنرێت، بوو بە هۆی وێرانکارییەکی زۆر و کۆمەڵکوژی و گۆڕانی نەخشە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان.

لە ڕۆژی 1ـی ئەیلوولی ساڵی 1939، سوپای ئەڵمانیای نازی لەشکرکێشی بۆ سەر وڵاتی پۆڵەندا دەست پێ کرد و هەر دوو ڕۆژ دواتر و لە 3ـی ئەیلوولدا فەرەنسا و بەریتانیا جەنگیان دژی ئەڵمانیا ڕاگەیاند. ئەمە بە یەکەم چەخماخەی جەنگی جیهانی دووەم بوو، لە ئەوروپاوە و لە ئاسیاشەوە شەڕی ژاپۆن لەگەڵ چین و دواتریش ئەمەریکا و بەریتانیا، ئیدی جەنگەکە زۆرینەی جیهانی گرتەوە و  30 وڵات بە 100 ملیۆن سەربازەوە دژ بەیەکدی کەوتنە جەنگێکی خوێناوییەوە.

جەنگەکە وڵاتانی بەسەر دوو بەرەی هاوپەیمانان و وڵاتانی تەوەردا دابەش کرد، کە دیارترین وڵاتانی بەرەی هاوپەیمانانیش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، یەکێتیی سۆڤیەت و چین بوون، لە بەرامبەریشدا، هەریەکە لە وڵاتانی ئەڵمانیای نازی، ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە دیارترین وڵاتانی بەرەی تەوەر بوون.

لە جەنگەکەدا کۆمەڵێک ڕووبەڕووبوونەوەی سەخت لە نێوان وڵاتانی دوو بەرەکەدا ڕوویاندا، دیارترینیان، هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت کە بە شەڕی ستالینگراد ناسراوە، هەروەها شەڕی دوورگەی میدوای کە هێرشی ژاپۆنییەکان بوو بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، لەگەڵ شەڕی عەلەمین لەخاکی میسر لەنێوان هەردوو سوپای ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەگەڵ سوپای بەریتانیا، ئۆپەراسیۆنی بەرەی هاوپەیمانان لە کەناراوەکانی نۆرماندی فەرەنساش کە بە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە ئاویی و وشاکاییەکانی مێژوو هەژمار دەکرێت، لە ڕێگەیەوە ئەڵمانیای نازی شکستی پێ هێندرا و لە خاکی فەرەنسا کرایە دەرەوە، دواهەمینیشیان دوو بۆمبە ئەتۆمییەکەی ئەمەریکا بوو بۆ سەر هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی ژاپۆن، کە ئەوەش یەکەمین بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

هەر لەو جەنگەدا دەیان کۆمەڵکوژی و بە کۆیلەکردنی بەشێک لە گەلان ڕووی دا، دیارترینیان، جینۆسایدی هۆلۆکۆست، کە 6 ملیۆن جوو لەسەر دەستی سوپای ئەڵمانیای نازی کۆمەڵکوژکران، لەگەڵ کەمپە کوشندەکانی گۆلاکی سۆڤییەتی و کەمپی دیلەکانی ژاپۆن بوون.

زیانەکانی جەنگی جیهانی دووەم ئێجگار زۆرن، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 78 ملیۆن کەس کوژراون، کە 20 ملیۆنیان سەربازبوون و زیاتر لە 40 ملیۆنیش خەڵکی سڤیل بوون، بەهۆی وێرانکارییەکان و بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر نەخۆشی و پەتای جیاوازیشەوە، نزیکەی 18 ملیۆن کەسی دیکە بوونە قوربانی دەرئەنجامی جەنگەکە، توێژینەوەکانیش کۆی زیانە ماددیەکانی وڵاتانی بەشدار لە جەنگەکە بە 4 ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.

لە ڕۆژی 2ـی ئەیلوولی ساڵی 1945، دوای ئەوەی ئەمەریکا هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومان کرد، بە فەرمی ئیمپراتۆرییەتی ژاپۆن بەفەرمیی خۆبەدەستەوەدانی ڕاگەیاند و ئەمەش بوو بە کۆتا سیناریۆ و جەنگی خوێناوی 6 ساڵەی جیهان کۆتایی هات.