نەورۆز سەركەوتنێكی كوشندەی تۆمار كرد

بەرگریكارێكی قاسم دەیەوێت بەربەست بۆ یاریزانە سوورپۆشە پیشەگەرەكەی نەورۆز دروست بكات. 8/5/2024 ـ یاریگەی سلێمانی
بەرگریكارێكی قاسم دەیەوێت بەربەست بۆ یاریزانە سوورپۆشە پیشەگەرەكەی نەورۆز دروست بكات. 8/5/2024 ـ یاریگەی سلێمانی

یانەی نەورۆز ریمۆنتادای بەسەر قاسم كرد و دووەمین سەركەوتنی لەژێر سەرپەرشتی نزار مەحروسی راهێنەری سووری تۆمار كرد.
لە گەڕی 27ـەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی نەورۆز لە سلێمانی باوەشی بۆ یانەی قاسم كردەوە و یارییەكەش بە سەركەوتنی سوورپۆشەكانی شاری رۆشنبیری كۆتایی هات.
لە خولەكی 59ـی نیوەی دووەم ئیمانیۆل ئیڤیانی بە لێدانی سەر گۆڵی پێشكەوتنی قاسمی تۆمار كرد، بەڵام نەورۆز لە كۆتاییەكانی یارییەكە میوانەكەی شۆك كرد و بە دوو گۆڵی لەسەریەك هاتە دەنگ.
سەرەتا لە خولەكی 83 موسا عەدنان بە لێدانی سەر گۆڵی بەرامبەربوونی نەورۆزی تۆمار كرد، بەڵام جەنگاوەرەكانی نزار مەحروس بەو گۆڵە رازی نەبوون،  لە رێگەی فشارەكانیان ناوبژیوان لێدانی پێناڵتی بۆ هەژمار كردن و مەڕوان حوسێن هاتە سەر تۆپ و گۆڵی پێشكەوتن و سەركەوتنی تۆمار كرد.
نەورۆز یازدەیەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 41 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی بۆ پلەی شەشەم سەركەوت.
نەورۆز لە دوایین 4 یاریی لەژێر سەرپەرشتی نزار مەحروس 2 سەركەوتن و 2 یەكسانبوونی هەیە و هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، بۆ یاریی داهاتووش نەورۆز بۆ رووبەڕبوونەوەی دهۆك روودەكاتە بادینان.

.

 

 

Fly Erbil Advertisment