حەماس: هێرشەکەی سەر رەفەح پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح (وێنە: AP)
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەحی دەست پێ کردووە و دەروازەی شارەکەی کۆنترۆڵ کردووە. ئاوارەکانی رەفەح ئامادەنین ناوچەکە چۆڵبکەن؛ ئەمەریکاش لە ئۆپەراسیۆنەکە نیگەرانە و  جەخت لە پاراستنی خەڵکی سڤیل دەکاتەوە.  

ئەوەی خەڵکی غەززە لێی دەترسان، ڕوویدا. سوپای ئیسرائیل چووەتە ناو رەفەح و دەروازەی رەفەحیان لە سنووری میسڕ کۆنترۆڵ کردووە. دەروازەکە داخراوە و رێگە لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە گیراوە.

ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل نیگەرانە و جەخت لە پاراستنی خەڵکی سڤیل دەکەنەوە. زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس لە رەفەحن، ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل مەترسی لەسەر گیانیان دروست کردووە. سەرەڕای داواکاریی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی رەفەح، خەڵکی ئامادە نین چۆڵی بکەن.

بەرپرسانی حەماسیش دەڵێن، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیلە، تاوەکو هێرشەکانی بەردەوام بێت، بەرگریی لە خۆیان دەکەن.

ئوسامە حەمدان، سەرکردەی حەماس ڕایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح پێشێلکارییەکی زەقی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە. داگیرکاریی سەر رەفەح و داخستنی دەروازەکە، ئامانج لێی خراپترکردنی دۆخی مرۆییە لە غەززە. ئێمە لەژێر هیچ فشارێکی سەربازیی وەڵامی هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی شەڕ نادەینەوە. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئیسرائیل و ئەمەریکایە، ئەگەر ئیسرائیل لە شەڕانگێزیی بەردەوامبێت، ئێمەش بەرگریی لە خۆمان دەکەین."

حەماس بە پێشنیازی قەتەر و میسر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە رازیبووە، بەڵام ئیسرائیل رەتی کردووەتەوە و ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەحی دەست پێ کردووە، ئەوەش دۆخی ئاوارەکانی ئەوەندەی دیکە سەختتر کردووە.