عیسا بابلی: هەژماری من پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان

عیسا عەبدوڵلەتیف بابلی، بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی ژمارەیی بانکی جیهان
عیسا عەبدوڵلەتیف بابلی، بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی ژمارەیی بانکی جیهان

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی ژمارەیی بانکی جیهان ڕایگەیاند، هەژماری من چەندین خزمەتگوزاری بەسوودی تێدایە کە هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەربگرن، پڕۆژەی هەژماری من گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایاری 2024، عیسا عەبدوڵلەتیف بابلی، بەڕێوەبەری بانکی دیجیتاڵی ژمارەیی بانکی جیهان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی "هەژماری من" گرنگیی پڕۆسەکە بە دیجیتاڵکردنی سسیتەمی داراییە، هەروەها فەرمانبەران دەستیان بەهەموو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دەگات.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "بەشێوەیەکی ڕوونتر و فراوانتر قسە بکەم، کۆمەڵێک هاووڵاتیی دەچنە سیستەمی بانکییەوە لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە، بەهۆی ئەوەشەوە هاووڵاتییان زیاتر سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بانکەکان پێشکەشی دەکەن، بە نموونە؛ یەکەمجار مووچە دەچێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن سوود لە بازاڕکردن وەربگرن لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە، یاخود دەتوانن لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتیش جارێکی دیکە بەو کارتانە بازاڕ بکەن. لەگەڵ چەندان خزمەتگوزاری دیکەش کە لەو کارتەی "هەژمارەی من" دا هەیە بیکەن".

ئەو بەڕیوەبەرە دەشڵێت، "لەو کارتە بانکییەی "هەژماری من"، هاووڵاتییان سوود لە خزمەتگوزاری ناردنی پارە وەردەگرن، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ ناوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراقیش سوودی هەیە، دەتوانیت لە ناوخۆی عێراق ئەو بڕە پارەی مەبەستییەتی بینێرێتە دەرەوەی عێراق، بە پێچەوانەشەوە لەدەرەوەی عێراق بخرێتە سەر کارتە بانکییەکەی".

عیسا بابلی ئەوەشی خستە ڕوو، "هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە ژمارەییەکان وەربگرن، کە هەمووکەس دەتوانێت کارتێکی هەبێت کە ژمارەی نهێنی لەسەرە. بۆ نموونە؛ لە لقێک لە لقەکانی بانکی جیهانەوە دەتوانی سەیری ژمارەکەت بکەیت بۆ ئەوەی بزانی چەند بڕی پارەی تێیدا و سەیری جموجوڵی کارتەکەت بکەی، لەگەڵ ئەو کۆمەڵە خزمەتگوزارییەی کە لەناو کارتەکەدا هەیە بیبینیت".

عیسا بابلی ڕاشیگەیاند، "پڕۆژەی "هەژماری من" یەکێکە لەهەر پڕۆژە گرنگەکانی کوردستان و دەبێتە گۆڕانکاری جۆرەکی لەسەر ئاستی جیهان، چونکە ئێمە دەچینە قۆناغێکی دیکەوە لە کۆمەڵگایەکەوە کە مامەڵە بە کاشەوە دەکات، دەچینە کۆمەڵگایەکی دیکە کە مامەڵە بە ژمارەوە دەکات. بەشێوەیەکی گشتی، ئەو کارەتەی تۆ دەیخەیتە گیرفانتەوە دەتوانی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی پێوە بکەی و پیداویستییەکانی خۆتی پێ دابین بکەی، و یارمەتیت بدات لە کارە تایبەتتیەکاندا".