ساسان عەونی: هەفتەی داهاتوو شوێنی زەویی دابینکراو بۆ فەرمانبەران لەسەر نەخشە دیاری دەکرێت

K24 – هەولێر:
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، داوای لە هەموو شارەوانییەکان کرد لە ماوەی هەفتەیەکدا، ڕاپۆرتێكی تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی زەویی دابینکراو لەسەر نەخشە دیاری بكەن.
ڕۆژی پێنجشەممە (9ـی ئایاری 2024) بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی بەمەبەستی دەست پێ كردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوە چوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان ئامادە بوون.
لەلایەن خۆیەوە، ساسان عەونی، بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێكردن تا هەفتەی داهاتوو، دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی زەوی دابینکراو لەسەر نەخشە دیاری بكرێت. ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.