ئاستی پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سەدا 30 تێ پەڕاند

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی نوێ
بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی نوێ

K24 – هەولێر:

بەشداریی وزەی نوێبووەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبای جیهان بەردەوامە لە بەرزبوونەوەدایە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2023، بڕی بەرهەمهێنان 30% تێپەڕاند ئەمەش بەهۆی زیادبوونی گەشەی وزەی خۆر و با.

بە گوێرەی ئامارەکان، سەرچاوە نوێبووەکان لە ساڵی 2023 بە 30.3% سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بووە، لە کاتێکدا لە 2022 ڕێژەکە 29.4% بوو.

پێشبینی دەکرێت پشکی وزەی نوێ لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە جیهان بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، بەمەش بەشداریی سووتەمەنی بەردین لەو کەرتە بۆ خوار 60% دابەزێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2023 گەیشتە 61%.

لە نێو سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە، وزەی خۆر و با گەشەیەکی بەرچاویان لە 2023 کردووە  و بە کۆی گشتیی 13.4% بەشداربووە لە بەرهەمهێنانی کارەبا و بەراورد بە ساڵی 2022 کە 12% بووە، بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سەنتەری توێژینەوەی وزەی پاک، وزەی با بە 7.8% و وزەی خۆر 5.5% ، وزەی بایۆلۆجی 2.4%، بەشداریی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایان کردووە.

لەهەمان کاتدا، وزەی کارۆئاوی وەک سەرەکیترین سەرچاوەی وزەی نوێ لە جیهان دەمێنێتەوە کە بەشدارە لە 14.3%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای جیهان و یەکسانە بە 4,210 تێراوات لە کاتژمێرێکدا، هەر چەندە بەراورد بە 2022 کە پشکی 14.9%ـی پێک هێناوە کەم بووەتەوە. هاوکات، وزەی ئەتۆمی 9.1%ـی سەرچاوەی وزەی جیهان بووە و بەراورد بە 2022 پاشەکشەی کردووە.

وێڕای بەرزبوونەوەی ئاستی وزەی نوێ، بەڵام هێشتا سووتەمەنی بەردین زاڵە بەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەی 61%  لە ساڵی 2023، خەڵووزیش گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی کارەبا بووە لە جیهاندا.

بەشێوەیەکی گشتی، لە ساڵی 2023، خەڵووز 35%ـی کارەبای جیهانی دابین کردووە بە بەرهەمهێنانی 10,434 تێراوات لە کاتژمێرێکدا، گازی سروشتی بە پشکی 23% و بەرهەمهێنانی 6,634 تێراوات لە پلەی دووەمدا دەبینرێت، لە کاتێکدا پشکی سەرچاوە بەردینەکانی دیکە گەیشتووەتە 2.7%.

لەلایەکی دیکەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی نوێ، بەڵام دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی وزەی کارۆئاوی بۆ نزمترین ئاستی پێنج ساڵی ڕابردوو، ئەمەش لە دەرئەنجامی وشکەساڵی، بە زۆریش ئەم کورتهێنانە بە خەڵوز قەرەبوو کراوەتەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2023 دەردانی گازی ژەهراوی لە کەرتی کارەبا گەیشتە بەرزترین ئاست و بەرزبووەوە بۆ 14.15 ملیار تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەراورد بە 2022 بە ڕێژەی 1% بەرزبووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت 2023 لووتکەی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بووبێت لە کەرتی کارەبادا.

Fly Erbil Advertisment