پاڵەوانێكی كورد بەشداریی لە ئۆڵمپیكی پاریس دەكات
پاڵەوانێكی كوردی بۆ دووەمجار بەشداریی لە ئۆڵمپیك دەكات، پێشتریش لە ئۆڵمپیكی ریۆ دی جانیێرۆی 2016 مێدالیای بڕۆنزی بەدەستهێنا بوو.
سەباح شەریعەتی، وەرزشوانی كوردی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لە تەمەنی 35 ساڵیدا جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە سەر سەكۆی پاڵەوانێتییە جیهانییەكان و بە فەرمی ناوی وەكو بەشداربووییەكی ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 تۆمار كراوە.
ئەم پاڵەوانە كوردە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە و لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەستی بە زۆرانبازی كردووە و یەكێك بووە لە دیارترین و باشترینەکانی ئێران لە زۆرانبازی، دواتر بە هۆكاری ئەوەی هەستی بە زوڵم و نادادپەروەری كردووە چەندینجار لە هەڵبژاردەی ئێران دوور دەخرێتەوە، ئەمەش وایكرد بۆ ئازەربایجان كۆچ بكات و ئەزموونی خۆی لە وڵاتێكی دیكە تاقی كردەوە.
سەباح شەریعەتی لە كێشی 130 كیلۆگرام بۆ پاڵەوانێتی زۆرانبازی لە قۆناغی كۆتایی پاڵاوتنەكان بۆ گەیشتن بە ئۆڵمپیكی 2024 توانی شكست بە رۆمان كیمی پاڵەوانی قیرغیستان و مانتاس كۆنیستۆتاسی لیتوانی و پاڤێل هینچۆكی بیلارووسی بهێنێت و بلیتی ئۆڵمپیكی پاریسی بەدەستهێنا.
شەریعەتی لەوەتەی ساڵی 2013ـەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئازەربایجان بەشداریی لە پاڵەوانێـییە جیهانییەكان دەكات، لە 2015 توانی سێ مێدالیای زیو و بڕۆنزی ئەورووپا بباتەوە.
گرینگترین دەستكەوتەكانی شەریعەتی
2014 | میدالیای برۆنزی جامی جیهانی زۆرانبازی
2015 | میدالیای زێڕی جامی زۆرانبازی جیهانی و میدالیای زیوی ئەورووپا
2016 | میدالیای برۆنزی ئۆڵمپیكی ڕیۆ
2017 | میدالیای زیوی جامی زۆرانبازی جیهانی و میدالیای برۆنزی وڵاتانی ئیسلامی
2019 | میدالیای برۆنزی ئەوروپا
2021 | میدالیای برۆنزی پاڵەوانێتی وڵاتانی ئیسلامی
2023 | میدالیای زیوی پاڵەوانێتی زۆرانبازی ئەورووپا



