ڕەنج محەممەد: عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار برنج هاوردە دەکەن

K24 – هەولێر:
پسپۆرێکی ئابووری دەڵێت: لە عێراق و هەرێمی کوردستان برنج خواردنێکی سەرەکییە، ساڵانە بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار برنج هاوردە دەکەن. ئاماژەی بەوەدا، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی برنج.
ڕەنج محەممەد، پسپۆری ئابووری، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە هەر تاکێکە لە عێراق بە رێژەی 37 تا 40 کیلۆ برنج دەخوات، هی تورکیا 17 کیلۆ و کوەیت 48 کیلۆ، ساڵانە عێراق و هەرێمی کوردستان بە بڕی ملیارێک و 170 ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەکەن.
ئەو پسپۆرە ئابوورییە دەڵێت: زۆرینەی ئەو وڵاتەنەی کە بەکارهێنەری برنجن وڵاتە هەژارەکانن، ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە کارێکی زۆر خراپە و دەبێت ستراتیژیەتێکی بۆ دابنرێت.
لەبارەی بەرهەمهێنانی برنج لە عێراق، ڕەنج محەممەد، ئاماژەی بەوەدا، برنجی عەمبەر لە پارێزگای قادسیە لە عێراق بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش بەشی تەواوی عێراق ناکات بەرهەمەکەش وەک پێویست نییە، چونکە پێویستی بە ئاوێکی زۆرە و، هەورەها پێویستی بە تەکنەلۆجییای کشتوکاڵی هەیە.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2022 بڕیارێکیدا کە گومرگ لەسەر هەموو کاڵا خۆراکییەکان هەڵبگیرێت کاتێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری عێراق، کە وایکردووە خاوەنی بەرهەمی خۆراکی خۆی نەبێت و زیاتر هاوردەکار بێت.
لەبارەی بەرهەمە خۆراکییەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕەنج محەممەد، گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ دراوە و هەروەها بەشێکیشیان هەناردەی وڵاتان کراوە، بەڵام پێویستە سیاسەتێکی گومرگی دابنرێت و باج بخرێتە سەر هاوردەی هەندێک کاڵای خۆراکی بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشت بۆ جووتیارانی ناوخۆ و هەوڵبدەن لە ناوخۆدا ئەو کاڵا خۆراکییانە بەرهەم بهێنن.
ناوبراو باسی لە بەرهەمهێنانی برنج کرد لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: کەشوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی برنج، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر گرنگی بە بەرهەمهێنانی بدرێت لە ناوخۆدا.
هاوکات باسی لەوەشکرد، پێویستە کوالێتی کۆنترۆڵ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر کارا بکرێت، تا سنوورێک بۆ هاوردەی ئەو برنجانە دابنرێت کە تەندروست نیین و باس دەکرێت ماددەی پلاستیکی لە دروستکردنیان بەکارهاتووە.