بەدواداچوونێکی کوردستان24: پارێزگای دیوانییە لە ڕووی هەژاری لە پلەی یەکەمی عێراقە

K24 – دیوانییە:
به گوێرهی بهدواداچوونێكی كوردستان24، ڕێژەی هەژاری له پارێزگای دیوانییە لەنێو پارێزگاکانی عێراقدا له بەرزترین ئاست دایه، وێڕای ئەوەی ساڵانە بودجەیەکی زۆر بۆ پارێزگاکە تەرخان دەکرێت، کەچی دیوانییە یەکێکە لە شارە بێ خزمەتگوزارییەکانی عێراق و خراپترین ژێرخانیشی لەنێو پارێزگاکاندا هەیە.
دانیشتووانی پارێزگای دیوانییە بەدەست هەژاری و نەبوونی سەرچاوەکانی بژێویان دەناڵێنن، هاووڵاتییان ڕەخنە لە شێوازی سەختی ژیانیان و کەمتەرخەمی حکوومەت دەگرن.
هاووڵاتی عەلا ئەبو حسێن بۆ کوردستان24 گوتی: "300 خێزان لەم شارەدا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، خەڵکەکە دەچنە بازاڕەکانەوە بۆ ئەوەی بەڵکو رۆژانە 8 بۆ 10 هەزار دیناریان دەست بکەوێت، ئەو پارەیەش نازانێت بە خەرجی چارەسەری نەخۆشی یان کرێ خانوو و مۆلیدەی بدات، بەڕاستی حاڵی خەڵک زۆر خراپە".
هەروەها ئەبو محەممەد، هاووڵاتییەکی دیکەی پارێزگای دیوانییە ئاماژەی بەوەکرد: "زۆربەی گەنجەکانمان بێکارن، نە کار هەیە نە مووچە، گەنج هەیە لەم شارەدا باوەڕم پێبکەن هەزار دینار لە گیرفانیدا نییە".
هاووڵاتی ئەبو عەلی باسی لەوەکرد: "دۆخی خەڵک زۆر خراپە و ئیشوکار نییە، بەڕاستی بارودۆخ لەوپەڕی خراپیدایە، بەیانی هەتا ئێوارە دەچینە دەرەوە بۆ ئیش ئەوپەڕی بتوانیت 10 هەزار دینار پەیدابکەی، ئەویش نازانین بە کرێی بدەین یان کڕینی سەوزە و میوە".
جێگری پارێزگاری دیوانیە ڕایگەیاند، بڕیار وایە شوێنە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانی دیوانییە بەرەوپێش ببەن بە ئامانجی پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی شارەکە.
لەلایەن خۆیەوە، موهەنەد حوسنی، جێگری پارێزگاری دیوانییە ڕایگەیاند: "پارێزگای دیوانییە دووەم هەژارترین پارێزگای عێراقە، لە بەرنامەی کاری پارێزگاردا گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و هەوڵدان بۆ باش کردنی دۆخی ژیانی دانیشتووانەکەی دراوە، پارێزگاکەمان خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە و پەرەی پێدەدەین، ئەمە جگە لە بەرەو پێش بردنی کەرتی گەشتیاری کە یەکێکە لە هەنگاوەکانمان لە ئەنجومەنی پارێزگادا".
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانان، شاری دیوانیە لەڕووی هەژارییەوە لە پلەی یەکەمی عێراقدا بووە و هیوا و ئومێدی هاووڵاتییانی پارێزگاکەش بەندە بە بەڵێنەکانی حکوومەت و پارێزگاری شارەکەوە، چونکە دۆخی خەڵک زۆر خراپە و لە پێشەنگی هەژارترینەکانی عێراقەوەن.