شۆفێرانی مینی پاسەکانی تورکیا واز لە کارەکانیان دەهێنن
K24 - هەولێر
شۆفێری مینی پاسەکانی ئەنقەرە كه به "دۆڵمش" ناسراون، نیگەرانن لە کەمیی داهاتیان و گرانیی پێویستییەکانی پاسەکانیان. بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانیان دروست كردووه و دەڵێن، "چیتر کەس کاری شۆفیری ناکات و ناتوانێت لەو ڕێگەیهوه بژێوی دابین بكات".
لە ئەنقەرە نرخی گواستنەوەی ئەو مینی پاسانەی لە ناو شاردا هاووڵاتییان دەگوازنەوە 17 لیرەیە. شۆفێرەکان بەهۆی بەرزیی نرخی سووتەمەنی داوا دەکەن حکوومەت ڕێگە بدات نرخی گواستنەوەی سەرنشینەکان زیاد بکەن یان نرخی سووتەمەنیان بۆ هەرزان بکات. یەکێک لە شۆفێرەکان دەڵێت، "50 ساڵە کار دەکەم، لەبەر ئەوەی قازانجێکم دەست ناکەوێت، وازم لە کارەکەم هێناوە".
حەسەن ئایدن، شۆفێری مینی پاس لە ئەنقەرە ئاماژە بەوە دەدات، "4 تایە بووە بە 4 هەزار لیرە، گازوایل بووە بە 45 هەزار لیرە. من 50 سالە شۆفێری پاسم، هیچ قازانجێک نەماوە لە کارەکەم، هەموویان وازیان لە کارەکە هێناوە، چونکە هیچ قازانجێک ناکەن".
شۆفێری مینی پاسێکی دیکە دەڵێت، "بە ڕاستی نرخی گازوایل گرانە، ئەمەش وای کردووە هیچ قازانجێک نەکەین، بۆیە داواکارین نرخی گواستنەوە بەرز بکەنەوە. مانگانە تەنها 22 هەزار لیرەمان بۆ دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی نرخی گازوایل زۆر گرانە، نرخەکانیش جێگیر نین، ئێستا گران دەبێت دوو ڕۆژی دیکەش بە هەمان شێوە".
تێچووی زۆری چاککردنەوە و بەرزبووونەوەی نرخی سووتەمەنی وای کردوە شۆفێرەکان چیتر مەیلی کارکردنیان نەمێنێت و پێیانوایە 17 لیرە کرێیەکی زۆر کەمە بۆ گواستنەوە. هاووڵاتییانیش دەڵێن توانای کرێی زیادەیان نییە و گلەیی لە بەرزی نرخەکان دەکەن.
هاووڵاتی دەنیز زەهرا ئەوە دەخاتە ڕوو، "وەکو هاووڵاتی کرێی پاسەکان زۆر لەسەرمان دەکەوێت. ئەمڕۆ چوومەتە نەخۆشخانە دووجار پاسم بەکار هێناوە، تەنها خۆم بووم. بۆ من زۆرە، جا ئەگەر دوو کەس بیت زیاتر لەسەرت دەکەوێت".
فەرهاد ئایتاش، شۆفیری پاس ڕایدەگەیەنێت، "لە ڕۆژێکدا چوار جار هاتوچۆ دەکەین. 1500 لیرەش دەدەم بە سووتەمەنی، 600 تا 700 لیرەم بۆ دەمێنێتەوە، لێرەش 300 لیرە خەرج دەکەم بۆ ئاو و نان خواردن. کەمترین حەقدەستمان بۆ دەمێنێتەوە، ژیانمان زۆر سەخت بووە" .
بەرزبوونی نرخی سووتەمەنی و خەرجی زۆری چاککردنەوە لە ناوچە پیشەسازییەکان لەگەڵ داهاتی شۆفێرەکان یەک ناگرێتەوە، بۆیە ئەوان داواکارن حکوومەت نرخی سووتەنی هەرزان بکات.