کۆڵۆمبیا داوا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ دەربکات

K24- هەولێر
سەرۆکی کۆڵۆمبیا، داوای لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە، فەرمانێک دەربکات بۆ دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "ناتانیاهۆ لە کۆمەڵکوژی ناوەستێت"، کارەکە پێویستی بەوەیە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ناتانیاهۆ دەربکات، هەروەها پێشنیازی ئەوە دەکەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێزی ئاشتیپارێز لەکەرتی غەززە بڵاو بکاتەوە".
لە 1ـ5-2024، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند و گوتی: "ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە گەلێک بەتەواوی کۆمەڵکوژی بکرێت".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ییسرائیل گاتز، لە وەڵامی سەرۆکی کۆڵۆمبیا گوتی: "پێترۆ دژی جووەکانە، هەروەها پاداشتی چەکدارانی حەماس دەکات، ئەمڕۆش بەڵێنەکەی بردە سەر".
هەفتەی ڕابردوو، بەرپرسانی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یان گوت: پیشبینی دەکەین دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەندێک لە ئەندامانی حکوومەتی ئیسرائیل دەربکات، کە ڕەنگە ناتانیاهۆ لە نێو لیستەکە دابێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل بە تاوانی جەنگ "دەبێتە ئابڕووچوونی مێژوویی" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان "هەوڵدەدات ئیسرائیل بخاتە ناو قەفەسی تۆمەت".