کشتوکاڵی هەولێر: لە هەولێر ڕۆژانە 10 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە شاری هەولێر ڕۆژانە نۆ تا 10 هەزار کارتۆن هێلکە لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، هەر بۆیە پێویستە هێلکە هەناردە بکرێت و کارئاسانیی بۆ خاوەن پڕۆژەکان بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایاری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن لە هەولێر 20 پڕۆژەیە، بەڵام تەنیا 18 پڕۆژەیان کار دەکەن.
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "لە شاری هەولێر ڕۆژانە نۆ تا 10 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت، پێداویستیی شاری هەولێریش دوو هەزار و 500 تا سێ هەزار کارتۆنە ڕۆژانە."
هێمن سەید موراد گوتیشی: "نزيك بە حەوت هەزار کارتۆن هێلکە له پێداویستیی هەولێر زیاترە و پێویستە هەناردە بکرێت و کارئاسانیی بۆ خاوەن پڕۆژەکان بکرێت".