پارێزگای دیوانییە.. نیوەی سوپا کار بۆ لابردنی سەرپێچییەکانی سەر ڕووبارەکە دەکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون

K24- هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، پارێزگای دیوانییە میوانداریی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، عەون زیاب کرد، سکاڵای لە پشکی ئاوی پارێزگاکەی لای وەزیر کرد.
"جەواد ئەلبولانی"، نوێنەری پارێزگای دیوانییە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ عەون زیاب ڕایگەیاند، "بەبێ هەڵگرتنی پێشێلکارییەکانی سەر ڕووبارەکان دۆخی ئاو لە عێراق باش نابێت"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێشێلکارییەکان بە ڕۆژی ڕووناک و لە بەر چاوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکاندا دەکرێت.
نوێنەرەکەی پارێزگای دیوانیە، ئاماژەی بەوەش کرد، "نیوەی سوپا بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردنەکانی سەر ڕووباری "ئەلبەزروکیە" لە دیوانییەن، بەڵام نەیانتوانی چارەیەک بۆ سەرپێچیەکان بدۆزنەوە".
جەختیشی لەوە کردەوە، "دۆسیەی ئاو لە دیوانییە پێویستی بەوە هەیە، هەمووان هاوبەشی ئەو زیانانە بن کە بەهۆی کەمی ئاوەوە لە عێراقدا دروست بووە، چونکە نادادپەروەری لە دۆسییەی ئاودا هەیە"،
لای خۆیەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، عەون زیاب، گوتی: "دەستدرێژیکردنە سەر ڕووبارەکان و دەریاچە ماسیییەکان کێشەیەکە و پێویستی بە پشتیوانیی حکوومەتە ناوخۆییەکان هەیە بۆ نەهێشتنی یان کەمکردنەوەیان"، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە هەوڵدەدەین تا بتوانین زیانەکانی دۆسیەی ئاو لە نێوان پارێزگاکاندا دابەش بکەین".
ڕاشیگەیاند، "ئەو هەلومەرجەی وڵات پێیدا تێپەڕیوە لە دۆسیەی ئاودا سەخت بوو، بەڵام ئەمساڵ زۆر باشتر بووە لە ساڵانی ڕابردوودا"، هاوکات بەڵێنیدا کە "ئاوێکی باش بۆ پارێزگاکە بەربدەنەوە، دەشڵێت: "ئەم وەرزە وەرزێکی باشتر دەبێت بۆ پارێزگاکە".