بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی وادەی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، لە چەند مانگی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. ڕایدەگەیەنێت، ڕووبەری زەوییەکان لە 200 مەتر دووجا کەمتر نابێت.
هەنگاوەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا شوێنی زەویی دابینکراو بۆ فەرمانبەران لەسەر نەخشە دیاری بکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، داوای لە هەموو شارەوانییەکان کردووە لە ماوەی هەفتەیەکدا، ڕاپۆرتێكی ورد ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی زەویی دابینکراو لەسەر نەخشە دیاری بكەن.
لەوبارەوە ئەمڕۆ شەممە، 11-05-2024، د.چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار مەبەستییەتی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرادا دابەش بکات کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەیانگرێتەوە، پێشتر پارچە زەوییان وەرنەگرتووە و مافی کەسیش نەخۆرێت.
بە گوتەی د.چواس عەبدولهادی، "لەوانەیە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بە چەند قۆناغێک بێت و سەرەتا ئەوانە زەوی وەربگرن کە خزمەتێکی زۆریان هەیە. هەڵبەتە چەند مەرجێکی دیکەش لەبەرچاو دەگیرێت، بۆ نموونە، خێزاندارە یان نا، ئەگەر خێزاندار بێت، چەند منداڵی هەیە.. هتد".
وەکو ئەوەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕوونیکردەوە، وەزارەتەکە ئامانجییەتی لە چەند مانگی کەمی داهاتوودا ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ بکات. گوتیشی، هەر لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە دابینکردن و دیاریکردنی ئەو زەویانەی بڕیارە بدرێنە فەرمانبەران.
لەبارەی ئەوەی ڕووبەری ئەو پارچە زەوییانە چەند دەبێت کە بە فەرمانبەران دەدرێت، د.چواس عەبدولهادی گوتی، "ڕووبەری زەوییەکان بەپێی ژمارەی فەرمانبەران لە شارەوانییەکان دەگۆڕێت. چەند ژمارەی فەرمانبەران لە شارەوانییەک زیاتر بێت، ڕووبەری پارچە زەوییەکانیش بچووکتر دەبێتەوە و پێچەوانەکەشی ڕاستە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بێت نابێت لە 200 مەتر دووجا کەمتر بێت".
ڕۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.