بۆ یەكەمجار پاڵەوانێتییەك لە زاخۆ تا خانەقین دەستپێدەكات

پاڵەوانێتییەكی سەرتاسەری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوەدەچێت، بۆ یەكەمجار زیاتر لە 50 هەڵبژاردەی سەرجەم تیپەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەشداریی تێدا دەكەن.
بڕیارە سبەی یەكشەممە، 12/5/2024 پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانی كوردستان لە سۆران دەستپێبكات، یاریی كردنەوەی پاڵەوانێتییەكە لە نێوان هەڵبژاردەی چوارقوڕنە و گۆڕەزی سۆران بە كۆمێنتاری شاهۆ وەرتی راستەوخۆ لە كوردستان24 دەگوازرێتەوە.
رۆژانە دوو یاریی لە یەككاتدا لە یاریگەی سۆران و رواندز بەڕێوەدەچێت، لە پاڵەوانێتییەكە سیستەمی ڤار بەكاردێت، قۆناغی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە بە دۆڕان لە یەك یاریی راستەوخۆ دەردەكرێیت.
پاڵەوانێتییەكە بە سەرپەرشتی لێژنەیەكی راهێنراوی ناوبژیوان سەرپەرشتی دەكرێت، لە هەر یارییەكیش لێژنەیەك باشترین یاریزانی یاریی و بەڕەوشترین یاریزان دەستنیشان دەكرێن و خەڵاتیان پێدەدرێت.
تایبەتمەندەكانی پاڵەوانێتییەكە
ـ پاڵەوانێتی هەڵبژاردە بەهێزەكانی كوردستان لە سۆران و رواندز دەستپێدەكات
ـ پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانی كوردستان بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 بەڕێوە دەچێت
ـ 64 هەڵبژاردە لە سەرجەم شارۆ و شارۆچكەكانی كوردستان بەشداریی دەكەن
ـ لە زاخۆ تا خانەقین بەشداریی لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردە بەهێزەكانی كوردستان دەكەن
ـ یاریی كردنەوەی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانی كوردستان لە نێوان چوارقوڕنە و گۆڕەزی سۆران دەبێت
ـ رۆژانە یارییەكانی هەڵبژاردەكانی كوردستان لە یاریگەكانی سۆران و رواندز دەكرێن
ـ لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانی كوردستان سیستەمی ڤار بەكار دێت
ـ لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردەكانی كوردستان باشترین و بەڕەوشترین یاریزان خەڵات دەكرێن

