کابینەی نۆیەم هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە و سەدان پۆند و بەنداوی دروست کردووە

K24 - هەولێر
بنیاتنانی کوردستانێکی سەوز و ئاوەدان کاری لە پێشینەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و کابینەکەی بووە؛ لەو چوارچێوەیەدا چەندین کار و پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیی جێبەجێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2022 هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە. ئامانجی یاساکەش بریتییە لە بەڕێوەبردن و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو بۆ گەیشتن بە باشترین شێوازی بەکاربردن؛ بووژاندنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و دیاریکردنی بڕ و جۆری بەکاربردن؛ ڕەچاوکردن و چەسپاندنی مافی هەرێم لە ئاوە هاوبەشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و چارەکردنی سەرچاوە ئاوییە پیسبووەکان و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە.
لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی بە دروستکردنی زیاتر لە 200 پۆند و بەنداو کردووە، بە جۆرێک ئێستا 21 بەنداو و 118 پۆند هەن. ئەم پۆند و بەنداوانە بۆ چەندین مەبەست سوودیان لێ دەبینرێت لەوانەش، گلدانەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێریی و گەشتیاریی.
گۆڕانەکانی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی جیهانی و بەردەوام هۆشداریی لەبارەیەوە دەدرێت، هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەدەر نین لە زیانەکان و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەر بوون، بە جۆرێک بە گوێرەی داتاکان، عێراق ساڵانە 250 کیلۆمەتر خاکی بەپیت لە دەست دەدات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان.
کار و دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستانێکی سەوز:
1. قەدەغەکردنی سووتاندنی گازی کێڵگەکان:
لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 150 ملیۆن مەتر سێجا گازی زیانبەخش
دەسووتێنرا و تێکەڵ بە هەوای پاک دەکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمەی قەدەغە کرد.
2. بەرهەمهێنانی وزەی پاکی پشتبەستوو بە وزەی خۆر:
سەرۆکوەزیران بارزانی تا کۆتایی ساڵی 2024، 100 ملیۆن دۆلاری بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە لە ڕێگەی تیشکی خۆر تەرخان کردووە کە ئامانج لێی دوورکەوتنەوەیە لە دەستکەوتنی وزە لە ڕێگەی سووتەمنییە باوەکان.
3. حیکمەتی گلدانەوەی باران:
زیاتر لە 100 پۆند دروستکراون و دەکرێن بە مەبەستی گلدانەوەی ئاو کە یارمەتیدەرن بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و ڕێگریش دەکەن لە دروستبوونی لافاو.
4. دامەزراندنی کارگەی بەکارهێنانەوەی قیری بەکارهاتوو:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکەمین کارگەی پێشکەوتووی ڕیسایکلینی قیری کردەوە کە بە یەکەم کارگەی لەوچەشنە لە سەرتاەسری عێراق دادەندرێت و ئەمەش کۆڵەکەیەکی گرنگی شۆڕشی ژینگەدۆستانەیە.
5. دەرکردنی یاسای پاراستنی مافی ئاژەڵان:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە جێبەجیکردنی پڕۆژەیاسای ژمارە 14 کرد کە تایبەتە بە مافی ئاژەڵان و سزادانی توندی ئەوانەی توندوتیژی بەرامبەر ئاژەڵان دەکەن.
6. پاراستنی سامانی ئاو:
هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژە یاسای ژمارە چوار، هەوڵی پاراستنی سامانی ئاوی داوە کە تایبەتە بە پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و وەستانەوە دژی پیسبوونی ئاو و گۆڕانی تۆپۆگرافی.
7. جوانترکردنی ژینگەی کوردستان:
لە هەرێمی کوردستان دەست بە دروستکردنی زیاتر لە 200 بەنداو و پۆند کراوە کە هۆیەکن بۆ جوانتربوونی دیمەنی سرووشتی کوردستان.
8. چارەسەر و دووبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک:
لە کابینەی نۆیەمدا پرسی ڕیسایکلین بەرەوپێش براوە و ئاسانکاریی بۆ دامەزراندنی کارگەی ڕیسایکلینی پلاستیک و ئەلەمنیوم و ماددە کانزاییەکانی دیکە کراوە.