یۆنان: دۆزینەوەی درەختێكی ناوازە

زاناكان: تەمەنی درەختەكان ھاوكاری زانینی مێژووی گۆڕانەكانی كەشوھەوا دەكات

ژمارەیەك زانای رووەكناس، دار سنۆبەرێكی بۆسنییان لە باكووری یۆنان دۆزیوەتەوە، كە تەمەنی 1075 ساڵە.

زاناكان ئەو دار سنەوبەرە بۆسنییەیان لە ناوچەی دارستانەكانی سەروو زنجیرە چیاكانی بیندۆس دۆزیوەتەوە و ناویان ناوە (ئەدۆنیس).

تەمەنی دارەكە بە گوێرەی ئەو بازنانە خەمڵێندراوە، كە ساڵانە و بە درێژایی گەشەكردنی، زیادیان كردووە.

ئەو زانایانەی دارەكەیان دۆزیوەتەوە، تیمێكی ھاوبەشی مامۆستا و لێكۆڵەری زانكۆكانی ستۆكھۆڵم و ماینتس و ئەریزۆنان.

پاول جی كرۆسیك، سەرۆكی تیمەكە، مانەوە و زیندوێتیی ئەو دارە تا ئێستا بە شتێكی سەرسوڕھێنەر ناو دەبات و ئاماژە بەوە دەكات، كە شتێكی زۆر سەرنجڕاكێشە ئەو دارە بە درێژایی ئەم ھەموو ماوە درێژە و لە سایەی ئەو ژینگە سەختەدا ماوەتەوە.

كرۆسیك باس لەوەش دەكات، بە ھۆی ئەوەی زیاتر لە ھەزار ساڵە ئەو دارستانە دەستی مرۆڤی پێ نەگەیشتووە، بۆیە ئەو درەختە ماوە.

تیمە زانستییەكە باس لەوە دەكەن، كەوا بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، ئەو كاتەی ھۆزەكانی ڤایكینگی ئەسكەندنافی ساڵی 941 لە ئەوڕوپای باكوور لە گەڕان و سوڕاندا بوون، دارەكە دەوەنێكی بچووك بووە، كاتێكیش زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی دامەزراوە، تەمەنی درەختەكە گەیشتبووە 250 ساڵ.

سەرچاوە زانستییەكانی بواری كەشناسی و رووەكناسی باس لەوە دەكەن، لێكۆڵینەوە لە دار و درەختە كۆن و بە تەمەنەكان، ھاوكاری زاناكان دەكەن بۆ ئەوەی زانیاریی تەواو و دروستیان لە بارەی میژووی گۆانی كەشوھەوا دەست بكەوێت.

Fly Erbil Advertisment