سێنتکۆم: درۆنێکی حووسییەکانمان تێک شکاند
K24 - هەولێر
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، درۆنێکی خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابوو.
هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایتی خۆی "X" ڕایگەیاند، هێزەکانمان سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حووسییەکانەوە بە ئاسمانی کەنداوی عەدەن لەو ناوچانەی کە یەمەن کۆنترۆڵی دەکەن، هەڵدرابوو.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، "هیچ زیانێکی گیانی و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان، هاوپەیمانان و بازرگانییەکانەوە نەکەوتووە".
سێنتکۆم ڕاشیگەیاند، ئەم درۆنانە مەترسییەکی گەورەن بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمە ئەم ڕێوشوێنانە دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و سەلامەتی و پارێزراوترکردنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان.
پێنجشەممەی ڕابردوو، عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی حووسییەکان، فراوانکردنی بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح.
حوسی گوتیشی: "لەگەڵ دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح، قۆناغی چوارەمی پەرەسەندن هەر کەشتییەکی هەر کۆمپانیایەک بێت هێرش دەیگرێتەوە کە پەیوەندی بە دابینکردن یان گواستنەوەی کەلوپەلەوە هەبێت بۆ ئیسرائیل بۆ هەر مەبەستێک بێت بچن".
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر کەشتییەک دوای دەرچوونی قەدەغەکردنەکە، کاڵای بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل گواستەوە، لە هەر کوێیەک دەستمان پێی ڕابگات، هێرشی دەکرێتە سەر.".
جەختیشی کردەوە، "ئەگەری پەلامارەکانمان لە قۆناغی چوارەمدا هەیە، و بیر لە قۆناغی پێنجەم و شەشەم دەکەینەوە، هێڵی سووریشمان نییە".