هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی پەلەوەر پەیدا بکات

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشکی زیاتر لە 280 تۆنە و لە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕە بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئایاری 2024، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەم چوار ساڵەی ڕابردوودا بەرهەمی پەلەوەر وەک هێلکە و مریشک لە کوردستان زیادی کردووە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "لەبەرهمی گۆشتی مریشکدا هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 148 هەزار تۆنە، توانای بەرهەمهێنانی ئێمە لە گۆشتی مریشک زیاتر لە 280 هەزار تۆنە. ئەگەر سەیر بکەین توانای بەرهەمهێنانی ئێمە زیاد لە پێویستە".

دەشڵێت: "لە بەرهەمی هێلکە ڕۆژانە حەوت هەزار کاتۆن هێلکەمان پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕی بەرهەمهێنانمان 16 هەزار و 500 کارتۆنە لە ڕۆژێکدا، لەوەش بەرهەمێکی زیاترمان هەیە. کاتێک کە بەرهەممان زیاد دەبێت کێشەی بە بازاڕکردنمان زۆر دەبێت، نزیکترین بازار بۆ هەرێمی کوردستان ناوەڕاست و خوارووی عێراقە. لەوێ بەرهەمەکان ساغ دەکەینەوە".

سەبارەت بە ساغکردنەوەی بەرهەمەکان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئەوەشی گوت: "ئێمە کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان هەیە، زۆرجار بەربەست بۆ چوونی ئەم بەرهەمانە دروست دەکرێت. چونکە ئەوانیش لە هەوڵی ئەوەدان پەرە بە پرۆژەکانی خۆیان بدەن؛ ئەمەش وایکردووە بۆ بازاڕێکی دیکە جگە لە عێراق بگەڕێین، چونکە لە داهاتوودا ئەم بازاڕە بە کەڵکی ئێمە نایەت و دەبێت بیر لە جێگرەوەیەک بکەینەوە".

فیراس سدیق ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ ئەو بابەتی هەناردە کردنی بەرهەمەکانمان، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووین بۆ ئەم بابەتە کۆبوونەوەیەکمان کرد و لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانیشدا دانیشتووین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی مریشک بنێرین بۆ ئیمارات بۆ ئوردن یاخود هەر ولاتێکی دیکە بێت کە پێویست بکات ئێمە مریشکی بۆ بنێرین. هەر بۆ هەمان مەبەست، گفتوگۆمان لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت هەرێمی کوردستان کردووە."

ڕاشیگەیاند، "بەدواداچوونمان کردووە و داتاکانمان وەرگرت، هەتا هەندێک هێلکەشمان بۆ پشکنین ناردە دەرەوە، ئێستە لەسەرو بەندی ئەوەداین بزانین ئەوان چۆن ئەو بەرهەمەیان دەیانەوێت و چەند ڕێژەیان و بەچ نرخێکیش دەیانەوێت. بەڵام جارێ نەگەشتووینەتە ئەنجام، تەنیا سەرقاڵی گفتوگۆین".

Fly Erbil Advertisment