پارێزگاری دهۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێکردنی پرۆژەی هشکەڕۆ تاوتوێ دەکات

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-5-2024، لە دیوانی پارێزگا، بە سەرپەرشتیی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دیزاین و جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووباری هشکەڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆک، دوای تاوتوێ کردنی نەخشە و دیزاینی پرۆژەی ڕووباری هشکەڕۆ؛ بڕیاردرا بەمزووانە و دوای تەواوبوونی دیزاینی کۆتایی، بەردی بناغەی پرۆژەکە دابنرێت.
پارێزگاری دهۆک وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەت بە پرۆژەکە دەدات و پێویستە بە زووترین کات نەخشەی کۆتایی و ئەو گۆڕانانەی پێویستن لە پرۆژەکەدا بکرێن و لە کاتێکی نزیکدا بکەوێتە بواری جێبەجێ کردن.
پارێزگاری دهۆک بە پێویستیشی دەزانێت، دیزاینی نوێی پرۆژەکە بە پێی ستاندەرە جیهانییەکان و شارستانیانە جێبەجی بکرێت و تێیدا سروشتی دەوروبەری ڕووبارەکە پارێزراو بێت. هەروەها جوانییەکی تایبەت بە شاری دهۆک بدات و بۆ کەرتی گەشتیاریش سوود لە پرۆژەکە وەربگیرێت.