ئاراس خۆشناو: دژایەتیکردنی هەژماری من دژایەتیی بەهێزبوونی ئابووری کوردستانە

K24 - هەولێر

ئاراس قادر خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان دەڵێ: پرۆژەی هەژماری من، سیستەمێکی دیجیتاڵی پێشکەوتووە و لە دەرەوەی وڵاتیش کارایە، لە کاتێکدا تەوتینی عێراقی ئەو تایبەتمەندییەی نییە؛ بۆیە دژایەتیکردنی هەژماری من، هەڵمەتێکە بۆ دژایەتیی بەهێزبوونی ئابووری کوردستان.

ئاراس خۆشناو گوتی: کە باس لە کوردستانێکی بەهێزتر بکەین، واتە ئابوورییەکی بەهێزتر، ئەمەش بەبێ داراییەکی بەهێزتر کۆڵەکەیەکی بەهێزی نابێت. دارایی بەهێز چەند ڕەگەزێکی هەیە، لەوانە سیستەمی بانکی، سیستەمی دڵنیایی و بازاڕە داراییەکان، ئەمانە بەشێکن لە پێکهاتەی ئابوورییەکی بەهێز. چونکە ئێستا لە هیچ ناوچەیەکی جیهان مامەڵەکردن بە کاش نەماوە، هەر بۆیە لەم کابینەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات لە سەر ڕێکخستنەوە بنەماکانی دارایی و ئابوورییەکان ڕێک بخاتەوە، لەوانەش حکوومەت کار دەکات لە سەر بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچە، چونکە بەشی زۆری داهات بۆ مووچە دەچێت، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئابوورییەکی بەهێز گرتوویەتییە بەر، هەرچەندە لەو زۆربەی وڵاتاندا چەندین ساڵە ئەو سیستەمە پەیڕەو کراوە.

هەروەها ئاماژەی دا، لە هەرێمی کوردستان ڕۆشنبیری کۆمەڵگە لە بارەی دارایی و بانک زۆر لاوازە، هۆکەشی ئەوەی لە ڕابردوودا چەند حاڵەتێک ڕوویان داوە ئەمەش وایکردووە متمانە نەمێنێت، بۆیە ئێستا لە هەموو ڕووێکەوە کار لە سەر گەڕاندنەوە و دروستکردنەوەی متمانەی کۆمەڵگە دەکرێت، هەژماری من پرۆژەیەکی تەواو متمانە پێکراوە و دەتوانن لە دەرەوەی وڵاتیش بەکار بهێنرێت، بەڵام کی کارد و سیستەمی تەوتینی عێراقی تەنیا لە ناوخۆی عێراق بەکاردەهێنرێت و تایبەتمەندی نێودەوڵەتیی نییە لە بەکارهێنان، بۆیە هەژماری من بەراورد بەوەی لە بەغدا هەیە پێشکەوتووترە.

هەر لە بارەی هەژماری من، سەرۆکی سەنتەری زانیاریی و لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان دەڵێت: گرنگیی و تایبەتمەندییەکی هەژماری من لەوەدایە، گرنگە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕابێت لەسەر ئەوەی هەژماری بانکییان هەبێت لەبری پارەی کاش بە سیستەمی ئەلیکترۆنی کار بکەن، چونکە سەروەت و سامانیان زیاتر پارێزراو دەنێت، بەڵام بەومەرجەی متمانە بۆ هاووڵاتییان دروست بکرێت و بگەڕێندرێتەوە. ئەو کەس و لایەنانەشی دژایەتیی ئەم پرۆژەیە دەکەن، دژایەتیی بەهێزبوونی ئابووریی کوردستان دەکەن.