پرۆژەیەكی نوێی خزمەتگوزاریی لە هەشتی حەسارۆك دەست پێ دەكات

K24 - هەولێر
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستپێكردنی پرۆژەیەكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزاریی لە زۆنی (B)ی هەشتی حەسارۆك ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13/5/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەردانی گەڕەکی هەشتی حەسارۆكی شاری هەولێریان كرد و دەستپێكردنی پرۆژەیەكی نوێی گەیاندنی خزمەتگوزارییان لە زۆنی (B)ی گەڕەكەكە ڕاگەیاند كە لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەكە بریتییە لە دروستكردنی شەقام بە درێژایی 27 كیلۆمەتر و بڕگەكانی پێكهاتوون لە كاری بڕین و پڕكردنەوە بە بڕی 420,000 مەتر سێجا بۆ 27 كیلۆمەتر لە شەقامە سەرەكییەكانی (12م، 15م، 20م و 30م)ی مەتریی هەشتی حەسارۆك.
لە چوارچێوەی بڕگەكانی ئەم پرۆژەیەدا، لەمەودوا كار لە دروستكردنی 170 شەقامی زۆنەكە دەكرێت كە نزیكەی 3500 پارچە زەوی لێی سوودمەند دەبن، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكەش سوود لە توانای مرۆیی و ئامێرەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر وەردەگیرێت. هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ زۆنەكانی دیكەش بەردەوامی دەبێت.