دانیشتووانی گوندێکی بەردەڕەش بە بەکارهێنانی وزەی خۆر، کارەبای 24 کاتژمێریان دابین کردووە
K24 - هەولێر
دانیشتووانی گوندێکی بەردەڕەش، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری پشت بە دانانی سیستەمی وەرگرتنی وزەی خۆر و گۆڕینی بۆ وزەی کارەبا بەستووە و مووەلیدەی گوندەکەیان لا بردووە. ئاماژە بەوەش دەکەن، سیستەمەکە دۆستی ژینگەیە و هەروەها دەنگ و ژاوە ژاوەی نییە.
گوندی تربەسپی دەکەوێتە سنووری قەزای بەردەڕەش، لە 37 ماڵ پێک دێت و هەمووان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری؛ پەنایان بۆ دانانی سیستەمی گۆڕینی وزەی خۆر بۆ وزەی کارەبا بردووە و مووەلیدەی گوندەکەیان لابردووە.
جەلال عیسا، موختاری گوندەکەیە. ئەو یەکەم کەس بوو سیستەکەمەی لە گوندەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی دانا. وەکو خۆی دەڵێت، سوودێکی زۆریان لە سیستەمەکە بینیوە و خەرجی کەمە. ئاماژە بەوەش دەدات، "ئەگەر کارەبای نیشتمانی بێتەوە، سیستەمەکە خۆی دەکوژێتەوە، ئەگەر کارەباکەش بڕا، خۆی کارەبامان بۆ دابین دەکات. دەتوانین لە ڕێگەی سیستەمەکەوە بەفرگر، ئامێری فێنککەرەوە و چەندین ئامێری دیکە پێ بکەین".
حەتەم عەزیز، گوندنشین باس لەوە دەکات، "پێشتر کارەبای مووەلیدەمان بەکاردەهێنا و تەنها چوار ئەمپێرمان هەبوو، نەمان دەتوانی بەفرگر و ئامێرەکانی دیکە بە دڵی خۆمان پێ بکەین؛ بەڵام ئێستا هەشت ئەمپێر کارەبامان هەیە و کارەباکە زۆر باشترە بەراورد بە مووەلیدەکە".
سادق، شارەزایە لە دانان و چاککردنەوەی سیستەمەکە. بە گوتەی سادق، سیستەمەکە وێرای ئەوەی دۆستی ژینگەیە، خەرجیشی نییە و کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.
سادق ڕەمەزان، شارەزای دانانی سیستەمەکە، باس لەوە دەکات، هەر ماڵێک دەتوانێت بە هەزار بۆ دوو هەزار دۆلار سیستەمەکە لەسەر بانی ماڵەکەی دابنێت، وەکو خۆی دەڵێت، سیستەمەکە دۆستی ژینگەیە، ژاوەژاوی نییە و خەرجیشی زۆر کەمە.
هەر ماڵێکی گوندی تربەسپی بایی چوار بۆ 12 ئەمپێر کارەبای لە ڕێگەی سیستەمی گۆڕینی وزەی خۆر بۆ وزەی کارەبا دابین کردووە؛ کارەباکەیان بووەتە 24 کاتژمێری و پێویستییان بە مووەلیدە نەماوە.