وەزارەتی دارایی چەند ڕاستییەک لەبارەی پرۆژەی هەژماری من بڵاو دەکاتەوه‌

هەژماری من
هەژماری من

K24- هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕاستییەکی لەبارەی پرۆژەی هەژماری من بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک دڵنیا کردنەوە، بڵاو کردۆتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە(13ـی ئایاری 2024)، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕاستییەکی لەبارەی پرۆژەی هەژماری من بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت، لە هەژماری مندا مووچەخۆر تەنها یەک گرێبەست ئیمزا  دەکات، ئەو گرێبەستەش لەنێوان مووچەخۆر و بانکەکەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گرێبەستەکە لەژێر چاودێریی و ڕێنوێیی بانکی ناوەندیی عێراق دەخرێتە بەردەم مووچەخۆر.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە، تەنها یەک کەس بۆی هەیە بڕیار لەسەر هەژماری بانکیت بدات، ئەو کەسەش مووچەخۆر خۆیەتی، نە حکوومەت و نە بانکەکان، نە هیچ لایەنێکی دیکە ناتوانێت دەستکاریی هەژماری مووچەخۆر بکات.

وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران لەوەی، مووچەخۆر لە هەژماری بانکی خۆیدا دەتوانێت 100٪ـی مووچە و پارەکەی ڕابکێشێت بێ هیچ بەربەستێک، دەشڵێت، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستکاریی هەژماری مووچەخۆر بکات، جگەلە مووچەخۆر خۆی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارە تەلەفۆنی 1991 ی سەنتەری پەیوەندییەکانی بڵاو کردۆتەوە بۆ هەر پرسیارێک کە مووچەخۆر هەیبێت لەبارەی هەژماری من.

بەگوێرەی ئامارەکانی پرۆژەی هەژماری من، کۆی هەژمارە کراوەکان بۆ مووچەخۆرانی دامودەزگای جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 400 هەزار هەژمار، لەو ژمارەیە 200 هەزار کارتی بانکیی ڕادەست کراوەتەوە.

ئامارەکان باس لەوەش دەکەن، ئێستا 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکو ئێستا حەوت بانکە،هەریەک لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی، بانکی ئەهلی عێراقی، بانکیی ئیسلامی عێراقی و بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) لە پرۆژەکە لەخۆدەگرێت.

هەژماری من، ژمارەیەک خزمەتگوزاریی و سوود بۆ بەشداربووانی دەستەبەر دەکات، گرنگترینیان، خزمەتگوزاری دارایی، پاداشتی هاوبەشی، توانای ڕاکێشانی پارە لە سەرجەم ئامێرەکان و کارپێکردن لە سەرانسەری جیهان و ئاسایشێکی باشتری دارایی فەراهەم دەکات.

پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لەلایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەختدەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونیشی داوە، گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە، چونکە بە بانکیکردن دەمێکە لە ڕێگەی هەژماری منەوە دەستی پێ کردووە.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی، پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان،ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.