شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و توركیا زیانی بە 28 گوندی کانی ماسێ گەیاندووە

K24 - هەولێر

به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا چه‌ندین دارستان و پاوان له‌ كانی ماسی سووتاون و جووتیارانی ناوچه‌كه‌ش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان. به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی كانی ماسی ده‌ڵێت، زیانێكی زۆر به‌ ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ و 15 گوندیش چۆڵكراون.

گوندی چەلکێ یەکێکە لەو گوندانەی ناحیەی کانی ماسێ لە سنووری قەزای ئامێدی کە بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا زیانی زۆری پێ گەیشتووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنی، زۆرینەی گوندنشینان ماڵەکانیان بەجێهێشتبوو، هەرچەندە بەشێکیان گەڕاونەتەوە؛ بەڵام ژیان لە گوندەکە ئاسایی نەبووەتەوە.

یوخەنا خۆشابا، موختاری گوندی چەلکێ کە زۆرینەی دانیشتووانی کریستییانن، دەڵێت، "دەمانەوێت بارودۆخی ئەمنی ناوچەکەمان ئاسایی ببێتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بگەڕێننەوە سەر ماڵ و حاڵیان. بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەیان دۆنم زەوی و دارستانی سنووری گوندەکەمان سووتاون و لەنێوچوون".

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا؛ 15 گوند لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ چۆڵکراون و زیانێکی زۆریش بە ژینگە و جووتیارانی 28 گوندی دیکەی سنووری ناحیەکە گەیشتووە.

مەهدی چەلکێیی، جووتیارێکی گوندی چەلکێیە و باس لەوە دەکات، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکەیان و بە تایبەت بۆ سەر سنووری گوندەکەیان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، نەیانتوانیوە سوود لە بەرهەمی میوەی ناوچەکەیان وەربگرن و زۆرینەی دارەکان لەنێوچوون.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە سووتاون و بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار زیانی ماددی بەر جووتیارانی گوندەکە گەیشتووە.

سالح حەمدی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ڕایدەگەیەنێت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا لانیکەمەوە زیاتر لە پێنج هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان لە سنووری ناحیەکە سووتاون و "نالەباری بارودۆخی ئەمنی ڕێگر بووە لەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە زۆرینەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە کۆنتڕۆڵ بکەن".