گرانی گۆشتی فرێش وایکردووە هاووڵاتییان زیاتر گۆشتی بەستوو بکڕن

K24 - هەولێر

گۆشتی بەستوو بازاڕەکانی پڕکردووە نرخى لەنیوە کەمترى گۆشتى فرێشە، گۆشتى بەستوو ماوەیەکە هێنراوەتە سلێمانى و دواتر بۆ هەموو کوردستان و تەنانەت عێراقیش بەهۆى هەرزانى نرخەکەى خواستێکى زۆرى لەسەرە.

ئامانج عەبدوڵڵا، کڕیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم گۆشتە بستووە بێ کێشەیە، وەکو گۆشتی فرێش وایە.

 ئەم گۆشتە لە دەرەوەى وڵاتەوە هاوردە دەکرێت و بەشێوەیەکى یاسایى و تەندورست دەخرێتە بازاڕەکانەوە و ترسى گۆشتى قاچاغى لاى هاووڵاتییان رەواندوەتەوە، چونکە بارکۆدى تایبەتى پێوەیە و پشکنینى تەندروستى و کوالیتى کۆنترۆڵى بۆکراوە. 

تەها حاجى محەممەد، فرۆشیارى گۆشتى بەستوو گوتی: "پێش ئەوەی باری گۆشتی بەستوو داگرین بە GPS ئاماژە بە بارەکە دەدات بەوەی کە چ کاتێکبەڕادەکە کوژاوەتەوە، واتە بەڕادەکە کە لەو وڵاتانەوە دێتە خاکی کوردستان -18 یە ئەگەر لەو ڕێژەیە کەمتر بێت ئەوە ئێمە وەری ناگرین".

بەهۆى گرانى نرخى گۆشت، نرخى باج لەسەر گومرگ بۆ%50 لە لەلایەن حکوومەتى هەرێمەوە کەم کرایەوە، بەڵام هەر نرخەکەى بەرزە بۆیە هاووڵاتییان زیاتر ئێستە خواستیان بۆ گۆشتى بەستووە و نرخەکەى بۆ هەرکیلۆیەک تەنها 10 هەزار دینارە.

ڕۆژی 27ـی ئازاری 2024، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی لەبارەی هاوردەكردنی ئاژەڵ دا، كە یەكێك لەوانە كەمكردنەوەی باجی گومرگی بوو لەسەر ئاژەڵی هاوردە.

بەر لە بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نرخی گۆشت لە سەروو 25 هەزار دینار بوو، چاوەڕوان دەكرا زیاتریش بەرز ببێتەوە، بەڵام رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتر كرا.