قەرزی درێژخایەن بە دوکاندارە زیانمەندەکانی قەیسەری دەدرێت

K24 - هەولێر

دوای هەفتەیەک لە سوتانی بازاری قەیسەری هەولیر. فەرمانگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەولێر ، بە هەماهەنگی لە گەڵ بانکی جیهان ، بریاریانداوە قەرزێک بە بێ سو و زیادە بە دوکاندارە زیانلێکەوتووەکان بدرێت .

خاوەنی ئەو دوکانانەی سوتاون و زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتوە ، ئەو هاوکاری و هەولانە بۆ کاسبکاران و دوبارە جوانکردن و نۆژەنکردنەوەی بازارەکە بە گرنگ دەزانن

   دە رۆژە بازاڕە مێژوییەکەی هەولێر سوتاوە،  تیمێکی تایبەتی فەرمانگەی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەولیر ، سەردانی کاسبکاران دەکەن و قەبارەی زەرەر و زیانەکان دەپرسن و لای خۆیان تۆماری دەکەن، بەڵێن دراوە قەرزێک بدرێتە خاوەن دوکانەکان ، بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولیر سەرپەرشتی تیمەکە دەکات ، ئەو باسی ئەو هەوڵانەی حکومەت دەكات بۆ هاوکاری کاسبکارانی زیانلێکەوتوو.

 دەربارەی ئەو قەرزەی بە دوکاندارەکان دەدرێت، ناز جەلال، بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بۆ کوردستان24 گوتی "قەرزەکە بێ بەرانبەرە و درێژخایەنە بۆ ماوەی 24 تاوەکوو 36 مانگ دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن دوکانەکانیان نۆژەن بکەنەوە و دەست بەکارەکانیان ببەوە، لیجنەکانی حکوومەت خەملاندنیان بۆ قەبارەی زەرەر و زیانەکان کردووە و هەر زیانمەندێک سەردانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر دەکات بۆ ئەوەی قەرزەکانیان پێ بدرێت".

دوکاندار و کاسبکاران سەرقاڵی خاوێنکردنەوەن و بەشێکیش دەستیان بە نۆژەنکردنەوە کردووە، وەستا ئەرسەلان ، بیست و حەوت ساڵە لەم بازاڕە دووکانی بەرگدوری هەیە ، هەولەکان بۆ هاوکاری کاسبکاران بە باش دەزانێت ، ئەو دیمەنی دوکانە بچوکەکەی دوای ئاگرەکەم نیشاندەدات و دەڵێ  "داواکارم هەموو کەس هاوکاری بکات بۆ چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوەی بازاڕ".

 

هەر لە بارەی ئەو قەرزەی بە دوکاندارەکان دەدرێت، سالار ئەسعەد کە دوکانەکەی لە ئاگرکەوتنەوەکە سووتاوە بۆ کوردستان24 گوتی "بڕیاری حکوومەت بۆ قەرەبوو کردنەوەی دوکاندارەکان و پێدانی قەرزی بێ بەرانبەر جێگەی دەستخۆشییە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ دەست بەکاربوونەوە و بوژاندنەوەی بازاڕ".

بازاڕی مێژوویی قەیسەری ھەولێر بە ڕووبەری 50 هەزار مەتر دووجا کە دەکەوێتە سەنتەری شاری هەولێر و مێژووی دروستکردنی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و سەدان دوکان لەخۆ دەگرێت، بازاڕەکە لە ساڵی 2007 بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ بڕیاری نۆژەن کردنەوەی بۆ دەرچوو، بەڵام لە 2012 تا 2014 قۆناغی یەکەمی بازاڕەکە کرا و دواتر لە 2018 قۆناغی نۆژەن کردنەوەی تەواوی بازاڕی قەیسەری دەستی پێکرد بۆ پارێزگاری لە ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژەنکراوە، بەڵام شەوی 5ی ئەم مانگە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی کۆنی قەیسەری هەولێر228 دوکان و 7 کۆگا سووتان.