بڵند محەممەد: ساڵی ڕابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون
K24 – هەولێر
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێت، لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی و چاکسازییە لە کەرتی تایبەت، هەروەها لە ڕێگەی چەند چاکسازییەکەوە توانی ڕێژەیەکی زۆری کۆمپانیاکان چ خۆماڵی بێت یاخود بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی و چاکسازییە لە کەرتی تایبەت، بە دڵنیاییەوە کۆمپانیاکان و بیانییەکانیش بەشێکن لەو چاکسازییە.
بڵند ڕاشیگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، لە ڕێگەی چەند چاکسازییەکەوە توانی ڕێژەیەکی زۆری کۆمپانیاکان چ خۆماڵی بێت یاخود بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار بکات. یەکێک لە ڕێگاکانیش چاکسازی یاسایی بوو، ئەوەبوو ژمارەیەک لە یاساکانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانمان هەموارکردەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان باسی لەوەش کرد، هەموارکردنەکە بەشێوەیەک بووە تاوەکو وەبەرهێنەران بتوانن چالاکیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بکەن، وەکو یاساکانی 13 و14 و15ـی بازرگانی و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان، هەروەها هەنگاوە کردەییەکانیش کە لە هەمووی گرنگترە بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی تۆماری کۆمپانیاکانە، کە کۆمپانیاکان بیانی بێت یان خۆماڵی لە ماوەی 24 کاتژمێر دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان خۆی تۆمار بکات.
گوتیشی: لە ساڵی 2022، تەنیا 1200 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023 کە ئەو سیستەمە بەرکار کرا، 3011 کۆمپانیا تۆمار کراون، واتە دوو هێندە زیاتری ساڵی پێشووتر بووە.
جەختیشی کردەوە، پرۆسەیەکی دیکە کەمکردنەوەی تێچووی تۆماری کۆمپانیاکان بووە، کە نزیکەی سەدا 80 ـی تێچووی کۆمپانیاکان کەم بووەتەوە، هەندێک دەیانگوت بەو کارە داهات کەم دەبیتەوە، بەڵام داهاتی ساڵی 2022، نزیکەی پێنج ملیار دینار بوو، وە داهاتی ساڵی 2023 بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 9 ملیار دینار .