پارێزگاری دهۆک پلانێک بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی ئاشکرا دەکات

K24 – دهۆک:
بەنداوی دهۆک بووەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاریی و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان سەردانی دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆیەکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە شارەکەدا، پارێزگاری دهۆکیش پلانێک جێبەجێ دەکات بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی شارەکە.
بەشێک لە هاووڵاتییانی شاری دهۆک بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، بەنداوی دهۆک بووەتە ناوەندێکی گرنگی ڕاکێشانی گەشتیاران و شوێنێکی زۆر خۆش و دڵگیرە، داواکاریشن کۆرنیشێک لەسەر بەنداوەکە دروست بکرێت بە مەبەستی زیاتر بوون بە شوێنێکی گەشتیاریی.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لە پلانماندایە کۆرنیشی بەنداوی دهۆک جێبەجێ بکەین، ئەو داواکارییەمان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەگەر ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، دەست دەکەین بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
لای خۆیەوە فهرهاد محەممهد تاهیر، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک دەڵێت: بەنداوی دهۆک لە کاتێکدا دەتوانێت خزمەتی چەندەها کەرت بکات و دانیشتوانی پارێزگای دهۆک سوودێکی زۆریان لێ بینیوە.
بەنداوی دهۆک بە یەکێک لە گرنگترین بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت، وا بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆرنیشێک لەسەر بەنداوەکە دروست بکات بۆ زیاتر بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاریی.