سوودانی پێشوازیی له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

K24 – هەولێر:
نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕایگەیاند، سوودانی له به‌غدا پێشوازیی له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێکەوە كۆ ده‌بنه‌وه.
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 14ـی ئایاری 2024) نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاوی كرده‌وه، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له به‌غدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان كرد و پێکەوە كۆ بوونه‌وه.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق زانیاریی زیاتری له باره‌ی دیداره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نه‌خستووه‌ته ڕوو.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ جاسم محه‌ممه‌د عه‌بوود حومادی، سەرۆکی دادگای فیدراڵ كۆ بووه‌وه.
شڤان جه‌باری باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سێ دیدار و كۆبوونه‌وه سه‌ردانی به‌غدای كردووه، كه یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی دادگه‌ی فیدراڵی بوو و بۆ ماوه‌ی نیوكاتژمێر كۆ بوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتیشی، له‌گه‌ڵ فائق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق له كۆبوونه‌وه‌دایه و بۆ ئێواره‌یش له لایه‌ن محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه‌وه میوانداریی ده‌كرێت.
په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا ڕوونیشی كرده‌وه، دوو پرسی گرنگ له‌م بەرنامەی کاری ئەم سه‌ردانەیدا هه‌ن، یه‌كێكیان تایبه‌ته به مووچه و بودجه و پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیدا. پرسی دووه‌میش په‌یوه‌سته به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان
شڤان جه‌باری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكیشا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوودانی هه‌ر ئه‌م شه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان.
پێشتریش دڵشاد شه‌هاب، گوته‌بێژى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات.
دڵشاد شه‌هاب لە بارەی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، لەگەڵ محه‌ممه‌د شیياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆ ده‌بێته‌وه و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و پرسه هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان تاوتوێ ده‌كه‌ن.