ئەمڕۆ مووچەی بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت

K24 - هەولێر
وەزارەتی دارایی و ئابووریی مووچەی بەشێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات. چاوەڕێش دەکرێت ئەمڕۆ مووچەی بەشێکی دیکەی فەرمانبەران بنێردرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
دابەشکردنی مووچەکە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 14-05-2024، وەزارەتی دارایی عێراق 168 ملیار دیناری مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
چاوەڕێش دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشێکی دیکەی فەرمانبەران بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "چاوهڕێین بهغدا مووچهی مانگی چوار و پێنجی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بە زووترین کات ڕهوانه بكات".
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە، 6ـی نیسانی 2024، دەستیپێکرد و پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش کرا. دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتیش لە ڕۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و ڕۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەکە هات.