شاندێکی بازرگانیی تورکیا بە مەبەستی 'بەهێزکردنی پەیوەندییەکان' لە دهۆکە

شاندێکی بازرگانیی تورکیا بە مەبەستی 'بەهێزکردنی پەیوەندییەکان' لە دهۆکە (وێنە: کوردستان24)
شاندێکی بازرگانیی تورکیا بە مەبەستی 'بەهێزکردنی پەیوەندییەکان' لە دهۆکە (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

شاندێکی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆی تورکیا لە دهۆکە. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامانجیانە پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ بازرگانانی تورکیا بەهێزتر بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، شاندێکی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵۆی تورکیا بە سەرۆکایەتیی جەلال قادلۆ، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆکی کرد و لەلایەن شوکری جەمیل، سەرۆک و دەستەی ژوورەکەوە پێشوازیی لێ کرا.

شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ جەلال قادلۆ، سەرۆکی شاندە بازرگانییەکەی تورکیا، ڕایگەیاند، "گفتوگۆکانی ئەمڕۆمان لەسەر هەندێک بابەتی گرنگ بوون؛ لەنێویشیاندا وەبەرهێنان، بەهێزکردن بەرەوەپێشبردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە".

شوکری جەمیل گوتی، "داوامان لە گەورە بازرگانانی تورکیا کرد وەبەرهێنان لە شاری دهۆک بکەن و ژمارەیەک کارگە دابمەزرێنن. هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ بازرگانانی پارێزگاکەمان باشتر بکەن؛ هەڵبەتە ئەم چەندە سوودی بۆ هەردوولا دەبێت".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، "ئاسانکارییەکی زۆری بۆ وەبەرهێنەران کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەن و کار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بکەن".

لەلایەن خۆیەوە جەلال قادلۆ، سەرۆکی شاندە بازرگانییەکەی تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەیان بۆ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک دەربڕی و ڕایگەیاند، "هەست دەکەین لە ماڵی خۆمانین. بە مەبەستی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ژووریی بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان هاتووین. دواتر لەگەڵ پارێزگاری دهۆکیش کۆدەبینەوە".